شارپرێس:
سەرچاوەیەکی هەواڵگری ئاشکرایدەکات، تەقینەوەیەکەی چەند رۆژی رابردوی سەربازگەی تاجی لەبەغدا بەهۆی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوی گروپە چەکدارەکان بوە، دەشڵێت، ئەو سەربازگەیە تایبەت بوە بە کۆگاکردنی گولـلەی تانک و زرێپۆشەکانی سوپای عێراق و لەئێستادا تەنانەت یەک گولـلەشمان نەماوە.
لەسەرەتای روداوەکەدا حکومەتی عێراق باسی لەوەکرد کە تەقینەوەی کۆگای سەربازگەکە بەهۆی بەرزی پلەکانی گەرما رویداوە، بەڵام چەند سەرچاوەیەکی ئەمنی بە (رۆژنامەی شەرقولئەسەت)یان وتوە، پێش ڕوداوەکە درۆنێک بەسەر سەربازگەکە فڕیوە و لەکامێرا حەڕاڕییەکان دەرکەوتوە.
هاوکات ئەفسەرێکی سەربازگەکە باسی لەوەشکردوە،" بەهۆی تەقینەوەی ئەو کۆگایەی کە زیاتر لە 50 هەزار گولـلەی تانک و زرێبۆشی تێدابوو، لەئێستادا تەنانەت یەک گولـلەش لەژێر دەستماندا نەماوە، ئەوەی ماوەتەوە تەنها ئەوەیە کە لەکاتی روداوەکە لەناو تانک و زرێپۆشەکاندا بون ".
هاوکات، چاودێران دەڵێن،" تەقاندنەوەی ئەو کۆگایە هەوڵێکی گروپە چەکدارەکانە بۆ ئەوەی دەزگا ئەمنییە فەرمییەکان لاواز بکەن، چونکە سوپای عێراق بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بەو کۆگایە دەبەستێت بۆ تانک و زرێپۆشەکانی ".
رۆژنامەکە لەزاری چەند سەرچاوەیەکی دیکەوە رایگەیاندوە،" گروپە چەکدارەکان پلانێکی پێشوەختە جێبەجێ دەکەن بۆ ئەگەری هەر ڕوبەڕوبونەوەیەک لەگەڵ هێزە فەرمییەکانی عێراق لەداهاتودا و دەیەوێت ئەو هێزانە لاواز بکات ".
لەلایەکی دیکەوە، فەرماندەیەکی ئەو گروپە چەکدارانە رەتیکردوەتەوە چەکەکانیان رادەستی حکومەت بکەن، ئامادەیی خۆشیان بۆ روبەڕوبونەوەی حکومەتی عێراق و هێزەکانی ئەمریکا دەربڕیوە، ئەگەر بیانەوێت بە هێز چەکەکانیان پێ دابنێن.
