شارپرێس:
ئەندامێکی چوارچێوەی هەماهەنگی، ناوی کاندیدانی هەردوو وەزارەتی ناوخۆو بەرگریی عێراق ئاشکرادەکاتو ڕایدەگەیەنێت، پۆستی وەزارەتی ناوخۆ بۆ (قاسم عەتا)و وەزارەتی بەرگری-ش بۆ (عارف دلێمی) یەکلایی بوەتەوە، هاوکات داواش لەلایەنە سیاسییەکان دەکات پەلەبکەن لەتەواوکردنی کابینەی وزاری بۆ ئەوەی دامەزراوە ئەمنییەکان لەپۆستی بەوەکالەت ڕزگاریان بێت.
مەحمود مەیحی ئەندامی چوارچێوەی هەماهەنگی ئەمڕۆ سێشەممە ناوی کاندیدانی هەردوو وەزارەتی ناوخۆو بەرگریی عێراقی ئاشکراکردو جەختی لەپێویستیی تەواوکردنی کابینەی حکومەت کردەوە.
مەیحی لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "پۆستی وەزارەتی ناوخۆ بۆ (قاسم عەتا) یەکلایی بوەتەوە، پێشتریش ناوی ناوبراو چوەتە پەرلەمان، بەڵام بەهۆی هەندێک ناڕەزایەتیو دروستبونی ئاڵۆزیی لەکاتی دەنگداندا، پڕۆسەکە پەکخراوە، هیچ کاندیدێکی دیکەش جگە لەقاسم عەتا بۆ وەزارەتی ناوخۆ لەئارادانییە".
سەبارەت بەوەزارەتی بەرگری-ش، ئەندامەكهى چوارچێوەی هەماهەنگی ئاشکرایکرد، (عارف دلێمی) کاندیدی سەرەکییە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە.
مەحمود مەیحی ئاماژەی بەوەشکرد، سەرقاڵبونی حکومەت بەدۆسیەکانی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی، کاریگەریی هەبوە لەسەر دواکەوتنی یەکلاییکردنەوەی پۆستی وەزارەتەکان، داواشی لەحکومەت کرد، هەنگاوبنێت بۆ تەواوکردنی کابینە وەزارییەکەو پێدانی شایستە هەڵبژاردنییەکانی هەر کوتلەیەکی سیاسیی لەناو حکومەتدا.