فایەق زێدان، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی عێراق لە ئێرانەوە ڕایگەیاند، وڵاتەکەی لە پاڵ تاران دەبێت و بەرامبەر دوژمنکارییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا دەوەستێتەوە.
لەمیانی کۆبونەوەی فایەق زێدان لەگەڵ غوڵام حسێن موحسنی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، فایەق زێدان ڕایگەیاند، وڵاتەکەی هاوسۆزی ئێران و گەلەکەیەتی لە ڕوبەڕوبونەوەی "دوژمنکارییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل" ئەوەش بەگوێرەی ئاژانسی تەسنیم-ی ئێرانی.
بەگوێرەی ئاژانسە ئێرانیەکە، فایەق زێدان جەختی لەوەکردوەتەوە، عێراق هەرگیز هاوکارییەکانی ئێران لە شەڕی دژ بە تیرۆر لەیاد ناکات، هەروەها ئیدانەی "جەنگی ئابووریی" ئەمریکای دژ بە ئێران کردووە.
ئەوەش یەکەمجارە لە جەنگی ئێرانەوە تا ئەمڕۆ، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی عێراق بەوشێوە توندە بەرامبەر ئەمریکا هەڵویستی هەبێت.