شارپرێس:
وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا لەهەنگاوێکی نوێدا بۆ وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانو سوپای پاسداران، لیستێکی فراوانی سزاکانی ڕاگەیاند، ئەم لیستە نوێیە کە 78 ئامانجی جیاواز لەخۆدەگرێت، تۆڕێکی نێودەوڵەتی ئاڵۆزی پەکخستوە کە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە تاوەکو قووڵایی ئاسیاو ئەوروپا درێژ دەبێتەوە.
سزاکانی ئەمجارەی واشنتۆن بەشێوەیەکی ورد داڕێژراونو سێ کەرتی سەرەکییان کردوەتە ئامانج ئهوانیش، سهرهتا کەسایەتییەکانى بهئامانجگرتوه كه 24 کەسایەتی لەنەتەوە جیاوازەکان (ئێرانی، تورک، چینی، هیندی، یۆنانیو ئۆکرانی) دهگرێتهوه، دواتر پهڕیوهته كۆمپانیاكانو لهو ڕوهشهوه 48 کۆمپانیای بازرگانی، گواستنەوەی دەریاییو تەکنەلۆژیی گرتوهتهوه، دواتری سزاى بۆ کەشتییەکانیش داناوه كه شهش کەشتیو تانکەری گەورەی گواستنەوەی نەوتو غاز دیاریكراون.
لەو لیستەى ئهمریكادا، 12 کەسایەتیو کۆمپانیای سەرەکی کە بارەگاکانیان ڕاستەوخۆ لەناوخۆی ئێراندایە، سزایان بەسەردا سەپێنراوە، كه بەرپرسە باڵاکانى تێدایه وهك (محەمەد باقر زولقەدر، ڕەزا تەلائی نێک، ئەمیر حاتمیو محەمەد ڕەزا کەدخودائی) کە ڕۆڵی سەرەکییان لەداڕشتنی سیاسەتە ئەمنیو داراییەکاندا هەیە، ههروهها کۆمپانیا ناوخۆییەکانى ئێران وهك (کۆمپانیای ئەبهار)ى تێدایه بۆ بەرهەمى مادە پلاستیکیو کیمیاییەکانو کۆمپانیای (نۆئافەران ئەکسیس) بۆ پشکە تایبەتەکان.
ئەوەی لەڕاپۆرتەكهى ئهمریكادا جێگەی سەرنجە، قەبارەی ئەو کۆمپانیاو کەسانەیە کە لەدەرەوەی ئێران کار بۆ بەرژەوەندییەکانی تاران دەکەن، زۆرینەی کۆمپانیا سزادراوەکان لەم وڵاتانەن (ئیماراتو هۆنگ کۆنگ) وەک ناوەندی سەرەکی بۆ گواستنەوەی پارەو بازرگانی دەریایی، (چینو تورکیا) وەک دابینکاری کەرەستەو پشتیوانی لۆجیستی، (هیندستانو سەنگاپورە) کە لەبواری گواستنەوەی نەوتو غازدا هاوکاری تۆڕەکانی ئێرانیان کردوە.
ئەمریکا لەڕێگەی سزادانی شهش کەشتی گەورەوە (وەک: G Silver، Quantum Hope و Teila)، هەوڵیداوە ڕێڕەوەکانی هەناردەکردنی نەوتی نایاسایی ئێران دابخات، ئەم کەشتیانە کە ئاڵای وڵاتانی وەک کامیرۆن، ڤانواتوو گامبیایان هەڵگرتوە، بەشێکی گرنگی تیمی "کەشتیگەلە سێبەرەکان"ی ئێران بون.
وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا جەختدەکاتەوە، ئەو کەسو کۆمپانیایانە تێوەگلاون لەسپیکردنەوەی پارەو دابینکردنی بودجە بۆ چالاکییە سەربازییەکانی سوپای پاسداران، بەم بڕیارە، هەر جۆرە مامەڵەیەکی دارایی لەگەڵ ئەم لایەنانە قەدەغەدەکرێتو داراییەکانیان لەبانکە نێودەوڵەتییەکاندا بلۆک دەکرێت.
ئەم شەپۆلە نوێیەی سزاکان نیشانەی ئەوەیە، واشنتۆن دەیەوێت فشارە ئابورییەکانی بۆسەر تاران بگەیەنێتە لوتکە، نەک تەنها لەناوخۆی ئێران، بەڵکو لەڕێگەی بڕینی دەستە دەرەکییەکانی ئەو وڵاتە لەبازاڕە جیهانییەکاندا.