شارپرێس:
سەرچاوەیەکی ئەمنی ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند کە هێزێکی ئەمنی تایبەت، توانیویانە داواکراو (زەید ئەلموحاریب) لەناوخاکی تورکیا دەستگیربکەنو بیگهڕێننهوه بۆ عێراق.
سەرچاوەکە بۆ سۆمهریهنیوز قسهیكردوهو وتویهتى، "ئەم دەستگیرکردنە دوای ئەوەدێت کە ناوبراو بۆ ماوەی چەندین ساڵ بەردەوامبوە لەناوزڕاندن، سوکایەتیکردنو بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە دژی ئەفسەرانو دامەزراوە سەربازییەکانی عێراق کە بەهۆیەوە زیانی زۆری بەناوبانگی چەندین کەسایەتیی باڵای ئەمنیو سەربازیی گەیاندوە".
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکردوه، دەزگایەکی ئەمنی پسپۆڕ، لەڕێگەی ئەرکێکی هەواڵگریی تایبەتەوە، توانیویانە لەناوخاکی تورکیا ناوبراو دەستگیربکەن، ئەمەش بهگوێرهى ڕێکارە یاساییو ئەمنییە نێودەوڵەتییە پەسەندکراوەکان ئەنجامدراوە.
ئەم ئۆپەراسیۆنە لەچوارچێوەی هەوڵە هەواڵگرییە بەردەوامەکاندایە بۆ ڕاوەدونانی ئەو داواکراوو تۆمەتبارانەی کە دەست بۆ ئاسایشی دەوڵەتو دامەزراوە فەرمییەکان دەبەن، بەمەبەستی ڕادەستکردنیان بەدادگاو سەپاندنی سزای یاسایی بەسەریاندا.
ئەو بەوە ناسراوە لەڕێگەی لاپەڕەو ئەکاونتەکانی لەسۆشیاڵ میدیا (بەتایبەت فەیسبوکو یوتیوب)، ڤیدیۆ بڵاودەکاتەوەو تێیدا ڕەخنەی توندو زۆرجاریش سوکایەتیو ناوزڕاندن ئاراستەی فەرماندە باڵاکانی سوپا، ئەفسەرانی وەزارەتی ناوخۆو دەزگا ئەمنییەکانی عێراق دەکات.
زەید ئەلموحاریب بانگەشەی ئەوەدەکات، دۆسیەی گەندەڵیو نهێنییەکانی ناو دامەزراوە ئەمنییەکان ئاشکرادەکات، بەڵام لایەنی فەرمی عێراق دەڵێن، ئەو تەنها خەریکی تەشهیرکردن (ناوزڕاندن)و بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەی بێبنەمایە بۆ تێکدانی شکۆی دەزگا ئەمنییەکان.
بۆ ماوەی چەندین ساڵ لەدەرەوەی عێراق دەژیا، بەتایبەتی لەتورکیا، لەوێوە چالاکییەکانی ئەنجامدەدا، ئەمەش وایکردبوو، دەستگیرکردنی لەناوخۆی عێراقدا ئەستەم بێت، هاوكات چەندین فەرمانی دەستگیرکردنی لەلایەن دادگاکانی عێراقەوە بۆ دەرچوبوو، بهگوێرهى مادە یاساییەکانی تایبەت بە"ناوزڕاندنو سوكایەتیکردن بەفەرمانبەری دەوڵەتو بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست".
ئەو "بلۆگەرێکی ئەمنی-سیاسی" مشتومڕاوییە کە بەهۆی هێرشەکانی بۆسەر ئەفسەرە باڵاکان، لەلایەن حکومەتی عێراقەوە وەک داواکراوێکی مەترسیدار مامەڵەی لەگەڵ دەکرا.