ئەمریکا لێکۆڵینەوە لەڤیدیۆیەکی ئێرانی دەکات کە هەڕەشە لەکوڕەکەی تره‌مپ دەکات

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 144 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دەزگای خزمەتگوزاری نهێنیی ئەمریکا ڕایگەیاند، دەستیان بەلێکۆڵینەوە کردوە لەبارەی گرتە ڤیدیۆییەک کە لەلایەن تەلەفزیۆنی فەرمی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بڵاوکراوەتەوەو تێیدا هەڕەشەی کوشتن لە(بارۆن تره‌مپ)، کوڕی دۆناڵد تره‌مپ دەکرێت.


ڤیدیۆکە کە ماوەکەی سێ خولەکە، بەزمانی ئینگلیزیی‌و بەپرسیارێکی هەژێنەر دەستپێدەکات‌و ده‌ڵێت، "لەکوێ بارۆن تره‌مپ بکوژین؟"، هه‌ر لەگرتەکاندا وێنەو نەخشەی ئەو شوێنانە نیشاندەدرێت کە کوڕی سەرۆکی ئەمریکا کاتی تێدا بەسەردەبات، لەوانە (بورجی تره‌مپ) لەشاری نیویۆرک.

نێت هێرینگ وتەبێژی دەزگای خزمەتگوزاری نهێنی ڕایگەیاند، "ئێمە ئاگاداری ڤیدیۆکەین‌و لێکۆڵینەوە لەهەر ناوەڕۆکێک دەکەین کە ببێتە هەڕەشە بۆسەر ئەوکەسانەی لەژێر پاراستنی ئێمەدان".

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، دەزگاکەیان هیچ لێدوانێک لەسەر وردەکاریی ڕێکارە ئەمنییەکان یان زانیارییە هەواڵگرییەکان نادات.

به‌گوێره‌ی زانیارییەکانی کەناڵی CNN کە لەسەرچاوە ئەمنییە فیدراڵییەکانەوە وەریگرتوە، ئەو ڤیدیۆیە بەشێکە لەزنجیرەیەک گرتەو هەڵمەتێك کە دەخرێنە پاڵ لایەنە ئێرانییەکان‌و تێیدا تره‌مپ‌و ئەندامانی خێزانەکەی دەکرێنە ئامانج.

ئەم بابەتە لەکاتێکدایە کە دۆناڵد تره‌مپ پێشتر لەمانگی تەمموزدا باسی لەوەکردبوو، ناوەکەی لەلیستی ئامانجەکاندا هەیەو هەمیشە لەژێر هەڕەشەی ئێراندایە، لەهەمان چوارچێوەدا، باس لەوەدەکرێت، لەکاتی لوتکەی (ناتۆ) لەتورکیا، تره‌مپ بەهۆی هەڕەشەی موشەکییەوە بەشێوەیەکی کتوپڕو نهێنی بەفڕۆکەیەکی سەربازیی جێگرەوە خاکی ئەو وڵاتەی جێهێشتوە.