زه‌یدیی خه‌ڵاتێكی گه‌وره‌ی ڕاگه‌یاند

عیراق

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 666 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەسەردانێکیدا بۆ بارەگای سەرەکیی دەستەی دەستپاکی، ڕێنمایی دا بەکاراکردنی یاسای خەڵاتکردنی ئەو کەسانەی زانیاری لەسەر دۆسیەکانی گەندەڵی دەدەن.


عەلی زەیدیی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەردانی بارەگای دەستەی دەستپاکی فیدراڵی کردو لەگەڵ سەرۆکی دەستەکە و ستافی باڵای کۆبوەوە. تێیدا لەنزیکەوە ئاگاداری میکانیزمەکانی کارکردن و هەوڵەکانی دەستەکە بووە لە بواری بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و پاراستنی دارایی گشتیدا.

نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتوە، زەیدی جەختی لەوە کردەوە، جەنگی دژ بەگەندەڵی جەنگێکی گەورەیەو دەستەی دەستپاکی هێڵی پێشەوەی بەرگرییە لەم ڕوبەڕوبونەوەیەدا.

سەرۆک وەزیرانی عێراق، پێداگری لەسەر ئەوە کردەوە کە نابێت رۆڵی دەستەکە تەنیا لەچاودێریکردنی دوای ڕوداوەکاندا کورت ببێتەوە، بەڵکو پێویستە ڕۆڵێکی ڕێگرییکارانەشی هەبێت بەئاراستەی بنبڕکردنی یەکجاریی سیستەمی گەندەڵی، هاوکات جەختی لەپێویستیی بەدواداچونی پڕۆژەکانی پارێزگاکان کردەوە هاوشێوەی پڕۆژەکانی وەزارەتەکان.

هاوکات رێنمایی دا بە چاودێریکردنی پڕۆژەکان به‌گوێره‌ى سێ ئاست کە لەگەڵ قەبارە و تێچوەکانیاندا بگونجێت؛ بەجۆرێک لەپڕۆژە گرانبەهاکانەوە دەست پێبکات، پاشان پڕۆژە مامناوەندەکان و لەکۆتاییدا پڕۆژە بچووکەکان، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی کاریگەریی هەوڵە چاودێرییەکان.

ڕێنماییەکانی زەیدیی چەند تەوەرێکی دیکەشی گرتەوە، لەوانە: کاراکردنی یاسای خەڵاتکردنی ئاشکراکەرانی گەندەڵی، توندکردنەوەی چاودێریی دەروازە سنورییەکان، ئاشکراکردنی گەندەڵکاران و پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی مانگانە و وەرزی لەسەر بەڕێوەچوونی پرۆسەی دژایەتیکردنی گەندەڵی و ئاستی دەستکەوتەکان.

لەلای خۆیەوە، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی سوپاسگوزاریی خۆی بۆ پاڵپشتیی بەردەوامی سەرۆکوەزیران دەربڕی و ڕایگەیاند، تیمە مەیدانییەکانیان بۆ پێداچونەوەی گرێبەستەکان لەدامەزراوەکانی دەوڵەتدا، پێداچوونەوەی گرێبەستەکانی هەشت وەزارەتیان تەواو کردوەو کارەکانیان بۆ تەواوکردنی وەزارەت و دامەزراوەکانی دیکەش بەردەوامە.

سەرۆکی دەستەکە ئاماژەی بەوەش کرد، ستراتیژی نیشتمانیی دەستپاکی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵییان داڕشتوە کە تا ساڵی 2030 درێژدەبێتەوەو تەواوی ئامادەیی دەستەکەی بۆ بەردەوامبون لەدژایەتیکردنی گەندەڵی و پاراستنی سامانی گشتی دوپات کردەوە.