به‌رگرى شارستانى هه‌ولێر هۆشدارى توند ده‌داته‌ هاوڵاتیان

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 696 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی پارێزگای هەولێر، بەهۆی نزیکبونەوەی وەرزی پاییزو بەهێزبونی با، هۆشداری دەداتە هاوڵاتییان و خاوەن پڕۆژەکان کە بەهۆی زۆریی ڕوبەری پوش و پاوان لەچاو ساڵانی ڕابردودا، ئەگەری تەشەنەکردنی ئاگر زیاترە، بۆ ئەم مەبەستەش زنجیرەیەک ڕێنمایی و رێکاری پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتییانی بڵاوکردەوە.


بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی پارێزگای هەولێر، ڕاگەیەنراوێکی هۆشیداریی ئاراستەی هاوڵاتییان و خاوەن پڕۆژەکان کرد، تێیدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە لەوەرزی داهاتودا، بەهۆی بەهێزبونی باو زۆریی ڕوبەری پوش، پاوان و گیا وشکبووەکان بەبەراورد بەساڵانی ڕابردوو، مەترسیی تەشەنەکردن و بڵاوبونەوەی خێرای ئاگر لەئارادایە. 

بەرگریی شارستانی داوا دەکات بۆ پاراستنی سەروماڵ و دورکەوتنەوە لەڕوداوی نەخوازراو، رێکاری پێویست لەپڕۆژەکان، بەنزینخانەکان، عەمبارەکانی سوتەمەنی، پاڵاوگەکان، کۆگاکان، کارگەکان و کێڵگە پەلەوەرییەکاندا بگیرێتەبەر.

ڕێنمایی و ڕێکارە سەرەکەییەکانی بەرگریی شارستانی بۆ ئەم مەبەستە بەم شێوازەی خوارەوە پۆلێن کراون:
یەکەم: ڕێکارەکانی پاراستنی دەوروبەری پڕۆژە و شوێنەکان
دروستکردنی هێڵی بەربەست: پێویستە دەوروبەری کۆگا، کارگە یان کێڵگەکان بە پانی لایەنیکەم (10 تا 15 مەتر) لە پووش، گیا و پاوان پاک بکرێتەوە، بۆ ئەوەی رێگری لە پەڕینەوەی ئاگر بۆ ناو پڕۆژەکان بکرێت.
دورخستنەوەی پاشماوەکان: پێویستە سەرجەم کۆنە کەلوپەل، کارتۆن، تەختە، پاشماوەی رۆن و هەر ماددەیەکی دیکەی زوو گڕگرتوو لە حەوشە، پەنای دیوارەکان و دەوروبەری شوێنەکان دوور بخرێنەوە.
قەدەغەکردنی سوتاندنی ناڕێکخراو: بە هەموو شێوەیەک سوتاندنی پوش و پەڵاشی دەوروبەری پڕۆژەکان بەمەبەستی پاککردنەوە قەدەخەیە، چونکە بەهۆی باوە بەخێرایی کۆنترۆڵ لەدەست دەدرێت و تەشەنە دەکات.
دوەم: سیستەمی پاراستن و ئامێرەکانی ئاگرکوژێنەوە
تەنکەر و سۆندەی ئاو: دابینکردنی سۆندەی ئاوی درێژ بە پەستانی بەرز، یان ئامادەکردنی تەنکەری ئاو و ئۆتۆمبێلی تایبەت لە ناو شوێنەکەدا بۆ کاتی فریاگوزاری.
بەتانی و ئامێری ئاگرکوژێنەوەی دەستی: دابینکردنی ئامێری ئاگرکوژێنەوەی گونجاو لەشوێنە هەستیارەکاندا، لەگەڵ دڵنیابونەوە لەبەسەرنەچوونی ماوەی بەکارهێنانیان.
سیستەمی ئاگادارکردنەوە: بەگەڕخستنی سیستەمی هەستیاری ئاگادارکردنەوەی دووکەڵ و گەرمی لە ناو کۆگا، هۆڵ و کارگەکاندا.
سێیەم: پاراستنی تۆڕەکانی پێداویستی و کارەبا
پشکنینی سیستەمی ئاگرکوژێنەوە: پێویستە بەردەوام دڵنیایی بدرێت لە کارکردنی سیستەمەکە لە گشت بەشەکاندا و پڕبوونی تانکییەکانی ئاو.
پشکنینی تۆڕی کارەبا: چاککردنەوە و داپۆشینی سەرجەم وایەرە رووتەکان و بەکارنەهێنانی بەستەری ناستاندارد لەکێڵگە، پڕۆژە و کارگەکاندا.
پاککردنەوەی دەوروبەری سەرچاوەکانی کارەبا: پاککردنەوەی بنکە و ژێر تاوەرەکانی گواستنەوەی کارەبا، محاویلەکان و ئەو شوێنانەی ئەگەری دروستبوونی شۆرتی کارەبایان لێدەکرێت.
پاراستنی شوێنی موەلیدەو سوتەمەنی: دانانی تانکییەکانی سووتەمەنی و موەلیدەی کارەبا لە شوێنێکی چۆڵ و دوور لە پۆش و پاوان، بە بێ بوونی هیچ ئاوێتەیەکی زوو گڕگرتوو لە دەوروبەریدا.
چوارەم: رێکارەکانی کاتی فریاگوزاری
-لەکاتی هەستکردن بەهەر دوکەڵ یان ئاگرێک، یەکەم پێویستی و هەنگاو بریتییە لەپەیوەندیکردنی راستەوخۆ بە هێڵی گەرمی بەرگریی شارستانی ل ڕێگەی ژمارە 115، پێش ئەوەی ئاگرەکە تەشەنە بکات.
-ئەنجامدانی راهێنانی بەردەوام بۆ کارمەند و کرێکارانی پڕۆژەکان لەسەر چۆنیەتی بەکارهێنانی ئامێرەکانی ئاگرکوژێنەوە، رێگاکانی دەربازبوون و چۆڵکردنی شوێنەکە لە کاتی باری فریاگوزاریدا.