شارپرێس:
وتەبێژی حکومەتی عێراق ئاشکرایکرد، لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی تایبەت بەبەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، توانراوە بڕی زیاتر لەیەک تریلیۆن و 359 ملیار دینار لەپارە، سامان و موڵکی بەتاڵانبراو بۆ گەنجینەی دەوڵەت بگەڕێنرێتەوە.
حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق لەلێدوانێکدا بۆ کەناڵی عێراقییە ڕایگەیاند، هەڵمەتی حکومەت بۆ لێپرسینەوە لەگەندەڵکاران بەردەوامەو لەمیانی ئۆپەراسیۆنی تایبەت بەبەرەنگاربونەوەی گەندەڵی بەهای ئەو پارەو موڵکانەی کە گەڕێندراونەتەوە، گەیشتوەتە زیاتر لەیەک ترلیۆن و 359 ملیار دینار.
حەیدەر عەبودی ئاشکراشیکرد، ژمارەی ئەو ڕاپۆرت و سکاڵایانەی گەندەڵی کە گەیشتونەتە دەستەی دەستپاکی 26 هەزار سکاڵای تێپەڕاندووە، ئەمەش نیشانەی ئاستی بەرفراوانی پرۆسەکەیە.
وتەبێژی حکومەت جەختی لەوە کردەوە، دۆسیەی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی لەژێر سەرپەرشتیی راستەوخۆی سەرۆك وەزیران دایەو دەسەڵاتی دادوەریی عێراقیش گەورەترین پشتیوان و گەرەنتییە بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی ئەم هەڵمەتە.
ئاماژەی بەوە کرد، گەندەڵی پێکهاتەیەکی قووڵی کارگێڕی، دارایی و دەسەڵاتە کە سامانی گشتی بەهەدەر دەدات و پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە پەکدەخات، بەڵام حکومەت بەهیچ شێوەیەک هەڵمەتەکەی راناگرێت و بەردەوام دەبێت لەداخستنی سەرجەم ئەو کەلەبەرانەی کە گەندەڵییان لێوە دەکرێت.
عەبودی ڕونیکردەوە، سەرۆکوەزیران بڕیاری داوە بە وردبینیکردنی پێشوەختە لەسەرجەم گرێبەستە حکوومییەکان، هاوکات پرۆسەی بەدیجیتاڵکردنی دامەزراوەکان رێگەیەکی سەرەکییە بۆ بڕینی دەستی بەرپرسان و کەمکردنەوەی پەیوەندیی ڕاستەوخۆی هاوڵاتییان لەگەڵ فەرمانبەران، تاوەکو رێگری لەبەرتیلوەرگرتن و سەرانەسەندن بکرێت.
وتەبێژی حکوومەتی عێراق سەرنجی خستە سەر هاندانی هاوڵاتییان بۆ ئاشکراکردنی گەندەڵی و ڕایگەیاند، بەگوێرهى یاسای پاداشتی زانیاریدەران، هەر کەسێک زانیاری و بەڵگە لەسەر دۆسیەیەکی گەندەڵی بداتە لایەنە پەیوەندیدارەکان، پاداشتێکی دارایی بە بڕی 5% لە کۆی بەهای ئەو پارە و سامانەی کە بەهۆی زانیارییەکانیەوە دەگەڕێندرێتەوە بۆ دەوڵەت، پێدەبەخشرێت.
