ڕاویژكاره‌كه‌ى زه‌یديي به‌فه‌رمى هه‌ڵوێستى عێراق له‌باره‌ى پێشمه‌رگه‌وه‌ ئاشكراده‌كات

کوردستان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1197 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئەمنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی جەزیرە، له‌باره‌ى هێ.ى پێشمه‌رگه‌وه‌ ڕایگەیاند، هێزی پێشمەرگە یاساییەو پرۆسەی چەکدانان نایگرێتەوە.


قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئەمنی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی جەزیرە ڕایگەیاند، حکومەت لەگفتوگۆی بەردەوامدایە لەگەڵ گروپە چەکدارەکان بەئامانجی کۆنترۆڵکردنی چەک و هێشتنەوەی تەنیا لەدەستی دەوڵەتدا.

ڕونیشیکردەوە، دوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان، دەرفەتێکی لەبارتر دەڕەخسێت بۆ ئەوەی گفتوگۆی جددی لەسەر ئەم پرسە بکرێت، جەختیشی کردەوە ئێستا گروپەکان پابەندن بەوەی هیچ کردەوەیەک دژی وڵاتانی دراوسێ یان لەناوخۆی عێراق نەکەن.

سەبارەت بەپرۆسەی کۆنترۆڵکردنی چەک لەدەستی دەوڵەت، ئەعرەجی وتی،" چەکی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لەچوارچێوەی دەستوردا دیاریکراوەو ئەو پرۆسەیە پێشمەرگە ناگرێتەوە، هاوکات وتیشی،" هەوڵی کۆنترۆڵکردنی چەک تەنیا بۆ ئەو هێز و لایەنانەیە کە لەدەرەوەی دەستورو یاسان، جەختیشی کردەوە، بەرژەوەندیی عێراق لەسەروو هەموو شتێکەوەیەو توانای ئەوەیان هەیە لایەنەکان ڕازی بکەن کە خزمەت بەبەرژەوەندییە باڵاکانی عێراق بکەن.

هەروەها ڕاشیگەیاند، هەبونی هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەسەر خاکی عێراق نایاساییەو بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە لەگەڵ لایەنی تورکیا کار دەکەن.

ئەعرەجی ڕونیکردەوە، عێراق پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ هەردوو وڵاتی ئێران و ئەمریکا هەیە و هەوڵدەدات ببێتە پردێکی پەیوەندی بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک کە مافی هەمووان لەناوچەکەدا بپارێزێت، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، کشانەوەی هاوپەیمانان لە 30ـی ئەیلولدا بەواتای پچڕانی پەیوەندی لەگەڵ واشنتن نییە، بەڵکو عێراق لە گۆڕینەوەی زانیارییە ئەمنییەکان لەگەڵ ئەمریکا بەردەوام دەبێت.

لەبارەی دوورخستنەوەی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، ئەعرەجی رایگەیاند، لایەنی ئێرانی جەخت لەسەر پێویستی دوورخستنەوەی گرووپە توندڕەوەکان لە عێراق دەکاتەوە و عێراقیش پێداگرە لەسەر کۆتاییهێنان بەو دۆسیانەی زیان بە وڵات و دراوسێیەکانی دەگەیەنن، ئاماژەی بەوەش کرد هەماهەنگیی ئەمنیی نێوان وڵاتانی کەنداو، عێراق و ئێران پێویستییەکی هەنووکەییە.