ڕاستییە زانستییەکان لەبارەی خواردنەوەی ئاو لەگەڵ ژەمەکاندا: ئایا بەڕاستی هەرسکردن تێکدەدات؟

تەندروستی

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 243 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
خواردنەوەی ئاو لەگەڵ ژەمە خۆراکییەکاندا یەکێکە لەو بابەتانەی ڕای جیاوازی لەسەرە، بەڵام بەپێی توێژینەوە زانستییەکان و وتەی پسپۆڕان، بۆ زۆربەی خەڵکی هیچ کاریگەرییەکی خراپی لەسەر پرۆسەی هەرسکردن نییە.

 
 پرۆسەی هەرس لە دەمەوە بە هاڕینی خواردن و تێکەڵبوونی بە لیک دەست پێدەکات و لە گەدە و ڕێخۆڵەدا بەردەوام دەبێت. ئاو نەک هەر نابێتە هۆی لاوازبوونی ئەنزیمەکانی هەرس یان خێرا دەربازبوونی خواردن لە گەدە، بەڵکو یارمەتیی پارچەبوونی خۆراک و ئاسانتر جوڵانی لە کۆئەندامی هەرسدا دەدات و ڕێگری لە قەبزی و درووستبوونی غازات دەکات.

جگە لەوەش، خواردنەوەی ئاو لە کاتی ژەمەکاندا بۆ ئەو کەسانەی بە خێرایی دەخۆن بەسوودە، چونکە خێرایی خواردنەکەیان هێواش دەکاتەوە و یارمەتییان دەدات هەست بە تێرخواردن بکەن، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی بڕی کالۆری و یارمەتیدانی دابەزاندنی کێش.

 هەروەک ئاو دەتوانێت تا ڕادەیەکی کەم میتابۆلیزمی جەستە خێراتر بکات، بەتایبەت ئەگەر ئاوەکە سارد بێت، چونکە جەستە وزە بەکاردێنێت بۆ گەرمکردنەوەی.

لەگەڵ ئەوەشدا، پێویستە جیاوازی لە نێوان ئاو و خوارنەوە بەکالۆرییەکاندا بکرێت، چونکە شەربەت و خواردنەوە غازییەکان کالۆری زیادە دەبەخشن. هەروەها ئەو کەسانەی کێشەی گەڕانەوەی ترشەلۆکی گەدەیان هەیە، ڕەنگە خواردنەوەی ئاوی زۆر لەگەڵ ژەمەکاندا پەستانی گەدەیان زیاد بکات و نیشانەکانیان لێ توندتر بکات.

 لە کۆتاییدا، خواردنەوەی ئاو لە کاتی خواردندا کارێکی تەندروستە و بەپێی ئارەزوو و ئاسوودەیی جەستەی کەسەکە دەستنیشان دەکرێت.