هادی عامری: کاتى ئەوەهاتوە سوپا بچێتەسەر سنوری هەولێر ـ ئێران

کوردستان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 5243 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هادی عامری سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر، پەیامێکی توندو هۆشداریدەر ئاراستەی هەرێمی کوردستان دەکات‌و ڕایدەگەیەنێت، لەگەڵ نزیکبونەوەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، کاتی ئەوە هاتوە، سوپای عێراق جێگیربکرێت لەسەر سنورەکانی نێوان هەولێرو ئێران، ئەم پەیامەی عامری کە دەڵێت، "نۆرەی کوردستان هاتوە"، وەک ئاماژەیەکی ڕاشکاو بۆ دەستپێکردنی قۆناغی فشاری سەربازیی‌و ئەمنی بۆ سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان لەقۆناغی پاش ئەمریکا دەبینرێت.


هادی عامری کە یەکێکە لەسەرکردە دیارەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، لەمەراسیم و ڕێوڕەسمی ساڵیادی شەهیدبونی عەلی ئەکبەر یادی ڕۆژی گەنج لەبەغدا کە بە ئامادەبونی ژمارەیەك لەبەرپرسانی عێراق بەڕێوەچوو، وتارێكی پێشكەش كرد و ڕایگەیاند، کشانەوەی ئەمریکا لە30ی ئەیلولی 2026، دەرفەتێکە بۆ داڕشتنەوەی هاوسەنگیی هێز لەعێراقدا، پەیامەکەی عامری جەخت لەوەدەکاتەوە، دەبێت دەسەڵاتی ئەمنیی هەرێمی کوردستان بەسەر سنورەکاندا کۆتایی پێبهێنرێت‌و سوپای عێراق بەشێوەیەکی کردەیی‌و ڕەها کۆنترۆڵی سنورەکانی نێوان پارێزگای هەولێرو کۆماری ئیسلامی ئێران بکات.

ئەم هەنگاوەی عامری بیرۆکەی بۆ دەخاتەڕوو، تەنها جێگیرکردنی سەرباز نییە، بەڵکو مەبەست لێی کەمکردنەوەی ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەیە لەپاراستنی سنورەکان‌و دابڕینی هەرێمی کوردستانە لەو سەربەخۆییە ئەمنییەی کە لەساڵانی ڕابردودا هەیبوە.

عامری‌و لایەنە هاوپەیمانەکانی تاران دەیانەوێت پاش کشانەوەی ئەمریکا، هیچ "ناوچەیەکی خۆڵەمێشی" لەعێراقدا نەمێنێت کە لەژێر کۆنترۆڵی ڕەهای بەغدادا نەبێت، بەتایبەتی ئەو ناوچانەی کە ئێران وەک هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەیانبینێت.

ئەم پێشنیازەی عامری تەواکەری ئەو 12 مەرجەیە کە گروپە چەکدارەکان بۆ چەکدانانی خۆیان دایانناوە کە گرنگترینیان دەرکردنی حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی ئێران‌و کۆنترۆڵکردنی سنورەکانە لەلایەن بەغداوە، "نۆرەی کوردستانە" لەفەرهەنگی سیاسیی ئەو گروپانەدا بەواتای ئەوەدێت کە دەبێت هەرێمی کوردستان پاشەکشە بەداواکارییەکانی بکات‌و بچێتە ناو چوارچێوەی ئەو سیستەمە ئەمنییەی کە گروپەکانی سەر بەتاران لەعێراقدا دایانڕشتوە.

چاودێران هۆشداریدەدەن، جێبەجێکردنی ئەم پلانەی عامری، هەرێمی کوردستان ڕوبەڕوی قەیرانێکی ئەمنی‌و سیاسیی گەورە دەکاتەوە، گواستنەوەی سوپا بۆ سنورەکانی هەولێرو ئێران، نەک تەنها دەستوەردانە لەدەسەڵاتەکانی هەرێم، بەڵکو دەبێتە فشارێکی بەردەوام بۆسەر حکومەتی هەرێم تا ملبدات بۆ مەرجەکانی تاران‌و بەغدا، بەتایبەت لەغیابی پاڵپشتیی سەربازیی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هاوپەیمانان.