شارپرێس:
بەگوێرەی شیکارییەکی ئیسرائیلی، جەنگ لەگەڵ ئێران بەتەنها هێرشە ئاسمانییەکانەوە کۆتایی پێ نایەت؛ بۆیە ویلایەتە یەکگرتوەکان پێویستە لەئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانەوە بگوازێتەوە بۆ بەکارهێنانی ئامرازە سیاسیی، ئابوریی و دیپلۆماسییە کاریگەرترەکان.
بەپێی ڕاپۆرتی ئۆرشەلیم پۆست، لەگەڵ زیادبونی فشارە ئابوورییەکان لەسەر ئێران، ئەو وتارە سێ هەڵبژاردەی پێشنیار کردوە کە بەگومانەوە دەتوانن یارمەتی کۆتاییهێنان بەجەنگی ئێران بدەن. ئەو هەڵبژاردانە بریتین لە: دانپێدانانی کۆنگرێسی ئەمریکا بە سەربەخۆیی هەندێک لەکەمینە نەتەوەییەکانی ئێران، بەخشینی قەرزی گەنجانی ئەمریکا بەرامبەر خزمەتکردن لەسوپای ئەو وڵاتەو گەیشتن بە ێگەیشتنێکی ئەمریکایی ـ چینی دەربارەی نەوتی ئێران.
دابەشکردنی ئێران
یەکەم پێشنیار ئەوەیە واشنتۆن لەسەر دانپێدانان بەسەربەخۆیی هەندێک لە کەمینە نەتەوەییەکانی ئێران لێکۆڵینەوە بکات. لە ئێران، جگە لە زۆرینەی فارس، چوار گروپی نەتەوەیی گەورە هەن: کوردەکان لەڕۆژئاوا، عەرەبەکانی ئەحواز لەخوزستان، بلوچەکان لەباشوری ڕۆژهەڵات، و ئازەرییەکان لەباکوری ڕۆژئاوا.
ئەم گروپانە نزیکەی نیوەی دانیشتوانی ئێران پێکدەهێنن؛ ژمارەی دانیشتوانی ئێران لە 90 ملیۆن کەس زیاترە.
ئەم سیناریۆیە پێشبینی دەکات کە کۆنگرێس بەدەنگێکی یەکگرتوو بڕیارێک دەربکات و دان بە "سەربەخۆیی سەروەری"ی گەلانی کوردستانی ئێران، ئەحواز و بلوچستان دابنێت.
بەپێی ئەم پێشنیارە، ئەو هەنگاوە دەتوانێت حسابەکانی بەرپرسانی حکومەت، سەرکردەکانی پاسداران و بەسیج، هەروەها ئەو ئێرانییانەی چاودێریی داهاتووی ڕژێمن، بگۆڕێت. هەروەها دەبێتە ئامرازێکی فشار "بێ تێچوی سەربازیی ڕاستەوخۆ".
رۆژنامەکە دەڵێت: کوردەکانی ئێران لە 1940 کانداا ڕایانگەیاندبوو کە دەوڵەتێکی سەربەخۆیان دامەزراندوە، بەڵام دوای کشانەوەی پشتگیرییە سۆڤیەتەکان، کۆماری مەهاباد ڕوخا.
بەڵام ئەم پێشوز بەڕوی ناڕەزاییی تورکیا و عێراق دەبێتەوە. هەرچەندە هەندێک شارەزا پێیان وایە ئەم ناڕەزایییە بەشێکە لە ئامانجەکە؛ بە تایبەتی چونکە دانپێدانان بە دەوڵەتە سەربەخۆکان لە ناو خاکی ئێراندا دەخاتە سەر تاران کە حسابەکانی خۆی لەبارەی بەرنامە ناوکییەکەی، هاوپەیمانە هەرێمییەکان، بەرگرییەکان و هەڵوێستی بەرامبەر تەنگەی هۆرموزدا دووبارە بکاتەوە.
بەخشینی قەرزی گەنجانی ئەمریکا
هەڵبژاردەی دوەم پەیوەندیی بەناوخۆی ئەمریکاوە هەیە، لەو ڕوەوە گرنگە چیرۆکی جەنگ بگۆڕدرێت، چونکە پێنتاگۆن نەیتوانیوە بەباشی بازاڕی جەنگەکە بۆ ڕای گشتیی ڕون بکاتەوە، بەتایبەتی بەهۆی بەستنەوەی بەئۆپەراسیۆنە ئیسرائیلییەکان لەغەززە.
هەروەها ژمارەی خوازیارانی خزمەتی سەربازی بەس نییە، ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکان بڕیار بدات هێرشی زەمینی بۆ سەر ئێران بکات. بەپێی هەندێک هەڵسەنگاندن، ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی دژی 31 پارێزگای ئێران و ئەوەی "دۆکترینی بەرگریی موزاییکی" ناودەبرێت، لەوانەیە پێویستی بە نێوان 750,000 تا 1,500,000 سەرباز هەبێت؛ لە کاتێکدا هێزی کارای سوپای ئەمریکا نزیکەی 452,000 سەربازە.
پێشنیارەکە دامەزراندنی بەرنامەیەکە بۆ بەخشینی قەرزەکان بەرامبەر خزمەتی سەربازی. ئەمە پشت بەهەڵسەنگاندنێک دەبەستێت کە دەڵێت گرووپە تەمەنەکانی 18-34 ساڵ لەئەمریکا، بەشێوەیەکی ناوەندی زیاتر لە 40,000 دۆلار قەرزیان هەیە کە پەیوەندی بە قەرزی خانوبەرەوە نییە؛ هەندێک هەڵسەنگاندنیش ئەم بڕە بە 100,000 دۆلار دەخەنەڕو.
ڕێککەوتنێک لەگەڵ چین
هەڵبژاردەی سێیەم بریتییە لە هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئەمریکایی ـ چینی لەبارەی ئێرانەوە.
بەپێی ئەم ڕێککەوتنە، واشنتۆن دەتوانێت بە گەرەنتیی بداتە پەککین کە لە ڕێکخستنەکانی بەڕێوەبردنی دوای جەنگدا دەستی بە نەوتی ئێران بگات؛ لە بەرامبەردا چین پشتگیریی دیپلۆماسیی و ماددیی خۆی لە تاران بکێشێتەوە.
پەکین دەتوانێت گەرەنتیی دابینکردنی نەوتی خۆی بەدەستبهێنێت، لە کاتێکدا واشنتۆن سەرەکیترین هاوبەشی ستراتیژیی ئێران لە هاوکێشەکە دەردەهێنێت.
بەپێی وتارەکە، بەرامبەری ئەم ڕێککەوتنە لەوانەیە تایوان بێت، چونکە چین لە چەندین ساڵەوە هەوڵ دەدات هەڵوێستی ئەمریکا بەرامبەر ئەو دوورگەیە بگۆڕێت.
لەگەڵ ئەوەشدا کە هیچ کام لەو 3 هەڵبژاردەیە بە تەنهایی لەوانەیە بەس نەبێت، بەڵام کۆکردنەوەیان لەگەڵ یەکتر دەتوانێت ئاراستەی جەنگەکە بگۆڕێت؛ بەوەی فشار بخاتە سەر دەوڵەتی ئێران، هێزی مرۆیی دابین بکات و پشتگیریی دەرەکی لە حکومەتی ئێران کەم بکاتەوە.