سزای 15 ساڵ زیندانیکردن بۆ ڕفێنەری ڕۆژنامەنوسە ئەمریکییەکەی بەغدا دەرچوو

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 144 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دادگای تاوانی ناوەندیی بەغدا بەفەرمی سزای 15 ساڵ زیندانیکردنی بەسەر چەکدارێکی تێوەگلاو لەڕفاندنی ڕۆژنامەنوسێکی ئەمریکی لەبەغدا سەپاند.


به‌گوێره‌ى نوسراوێکی فەرمیی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، دەستەی دادگای تاوانی ناوەندی بەسەرۆکایەتیی دادگای تێهەڵچونەوەی بەغدا-ڕەسافە بەسەرۆکایەتیی دادوەر ئەحمەد محەمەد خەلەف، بڕیاری زیندانیکردنی بۆ ماوەی 15 ساڵ بەسەر تاوانبار ئەمیر رەحیم جەبار لازمدا دەرکرد، بەهۆی ساخبونەوەی تاوانی رفاندنی هاوڵاتی و ڕۆژنامەنووسی ئەمریکی شێلی رێنی کیتلسن.

لەبڕیارەکەی دادگادا ڕوونکراوەتەوە کە سزاکە بەگوێره‌ى ماددەی چوارەمی یاسای بەرەنگاربونەوەی تیرۆری ژمارە 13ی ساڵی 2005 سەپێنراوە، دوای ئەوەی ناوبراو لەڕۆژی 31ـی ئاداری 2026دا لە ناوچەی سەعدوونی شاری بەغدا ڕۆژنامەنووسە ئەمریکییەکەی ڕفاندبوو، هاوکات ماوەی دەستبەسەربونی لەیەکی نیسانەوە تاوەکو 29ی ئاب لەماوەی سزاکەی هەژمار کراوە.

دادگای تاوانەکانی بەغدا لەبڕیارەکەیدا مافی داواکردنی قەرەبوی دارایی بۆ ڕۆژنامەنوسە ئەمریکییەکە لەبەردەم دادگا مەدەنییەکاندا پاراستوە؛ هەروەها دادوەری لێکۆڵینەوەی ڕاسپاردوە تاوەکو بەگوێره‌ى یاسای گومرگ ڕێکاری یاسایی دیکە بەرامبەر تۆمەتبار بگرێتەبەر بەهۆی دەستکاریکردن و ساختەکردنی تابلۆی ئەو ئۆتۆمبێلەی کە لەئەنجامدانی تاوانی ڕفاندنەکەدا بەکاریهێنابوو.

ڕوداوی ڕفاندنی ڕۆژنامەنوسە ئەمریکییەکە لە 31ی ئاداری ئەمساڵدا لەشاری بەغداو لەکاتی پەرەسەندنی جەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕویدا، کاتێک لەلایەن چەکدارانی کەتائیب حزبوڵڵاوە بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک دەستبەسەرکراو تەنیا چەند کاتژمێرێک پێش ڕاگەیاندنی ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان واشنتۆن و تاران ئازاد کرا.