شارپرێس:
ڕاپۆرتە هەواڵگرییە نوێیەکان ئاماژە بەوەدەکەن، میدیاى ئهمریكیش نوسیویهتى، "شەش مانگ جەنگی ڕاستەوخۆ، تارانی بەرەو متمانەیەکی سەربازیی بێوێنە بردوە؛ ئێستا ئێران نەک هەر لاواز نەبوە، بەڵکو زۆرباشتر لەجاران کۆدی هێزەکانی ئەمریکا دەخوێنێتەوەو واشنتۆنی خستوەتە دۆخێکی نائارامو پڕ لەقەیرانی چەکو زانیارییەوە".
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز-ی ئەمریکی بهسودوهرگرتن لهڕاپۆرتە هەواڵگرییە نوێیەکان بڵاویکردوهتهوه، دوای شەش مانگ لەجەنگ، ئێران ئێستا زۆرباشتر لەجاران لەتواناکانی خۆییو سنورەکانی هێزی ئەمریکا تێگەیشتوە.
بهگوێرهى وتەی ئەو بەرپرسانەی ئاگاداری زانیارییە هەواڵگرییەکانن، ئێران لەم جەنگەدا کە چەندین قۆناغی پەرەسەندنو هێوربونەوەی بەخۆیەوە بینیوە، بە"تێگەیشتنێکی زۆرباشتر بۆ خاڵە بەهێزە سەربازییەکانیو متمانەیەکی گەورەتر بەتواناکانی" هاتە دەرەوە، ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردوە کە ئێران ئێستا متمانەی زۆری بەخۆیەتی لەپێکانی ئامانجە سەربازییەکان، ئەمەش وای لێدەکات بتوانێت ئەمریکا توشی شڵەژان بکاتو لاوازیی بکات.
لەلایەکی دیکەوە، تۆڕی هەواڵی "MS NOW"ی ئەمریکی بڵاویکردوهتهوه، سەربازانی ئەمریکا دانیان بەوەداناوە، فەرمانیان لە"پنتاگۆن"ەوە پێگەیشتوە بۆ بۆردومانکردنی دامەزراوە مەدەنییەکانی ئێران.
یەکێک لەسەربازە بەشداربوەکانی جەنگەکە ڕایگەیاندوە، "سوپای ئەمریکا ژێرخانی مەدەنی کردوەتە ئامانج، چەندین پرد کە ئامانجی سەربازیی نەبون بۆردومانکراون، ئەمەش پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییە مرۆییەکانە".
لەڕاپۆرتێکی شیکاریی سەنتەری لێکۆڵینەوە ستراتیژییو نێودەوڵەتییەکاندا (CSIS) هاتوە، واشنتۆن ڕوبەڕوی مەترسیی "کەمیی توندی موشەکی ورد" بوەتەوە بەهۆی بەکارھێنانی زۆری کۆگا سەربازییەکانی لەجەنگی ئێراندا.
هەر لەم چوارچێوەیەدا، ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" ئاشکرایکردوە، نزیکەی 50 فەرمانبەری ئەرکانی هاوبەشی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا خراونەتە ژێر تاقیکردنەوەی "ئامێری درۆزانی" (Polygraph)، ئەمەش بەهۆی دزەپێکردنی زانیارییە نهێنییەکان، لەوانە زانیاریی دەربارەی کەمیی تەقەمەنیو چەک لەکاتی جەنگەکەدا.
