ئەردۆغان خۆی یەکلاییکردەوە بۆ خولێکی نوێی سەرۆکایەتیی کاندید دەبێتەوە

جیهان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2309 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕاوێژکارێکی باڵای ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا کاندیدبونی دوبارەی ئەردۆغانی بۆ خولێکی نوێی سەرۆکایەتیی لەهەڵبژاردنێکی پێشوەختەدا ئاشکراکرد کە پێشبینیدەکرێت لە 16ی نیسانی 2028 بەڕێوەبچێت.


بەگوێرەی ڕاپۆڕتی کەناڵی "ئین تی ڤی"و ڕۆژنامەی جمهوریەت، محەمەد ئۆجوم ڕاوێژکاری ئەردۆغان‌و پەڕلەمناتاری پێشوی "ئاکەپە" ئاماژەی بەوەکردوە، ئەگەر 360 پەرلەمانتار بڕیاری بانگهێشتکردن بۆ هەڵبژاردنی نوێ پەسەندبکەن، ئەوا پێش وادەی دەستوریی خۆی لەئایاری 2028، پرۆسەکە لەناوەڕاستی نیساندا ئەنجامدەدرێت.

دەستوری تورکیا ڕێگە بەپەرلەمان دەدات بەدەنگی 360 پەرلەمانتار لەکۆی 600 ئەندام داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە بکان، ئەمەش ڕێگە خۆشدەکات بۆ ئەردۆغان کە جارێکی دیكه‌ خۆی کاندیدبکاتەوەو تاساڵی 2033 لەدەسەڵاتدا بمێنێتەوە.

سەرەڕای ئەوەی حکومەت پێشتر جەختی لەسەر بەڕێوەچونی هەڵبژاردنەکان لەوادەی خۆیدا دەکردەوە، بەڵام لێدوانەکانی ئۆجوم وەک هەنگاوێک بۆ تاقیکردنەوەی کاردانەوەکان سەیردەکرێت، بەتایبەت کە ناوبراو پێگەو قورسایی سیاسی تایبەتیی لەناو دەسەڵاتدا هەیە.

ئەردۆغان لەساڵی 2003 وەک سەرۆک وەزیران دەستبەکاربوو و لەساڵی 2014 بوە سەرۆک کۆمار، دواتریش لەساڵانی 2018و 2023 دوبارە هەڵبژێردرایەوە، چاودێران پێیانوایە هەڵبژاردنی مانگی نیسان بۆ دورکەوتنەوەیە لەبۆنە نیشتمانییەکانی مانگی ئایارو قۆستنەوەی هەر بەرەوپێشچونێکی ئابورییە لەچارەکی یەکەمی ساڵی 2028دا.

دەستبەرکردنی 360 دەنگ پێویستی بەپشتیوانی حزبە بچوکەکان وەک حزبی ڕەفاهی نوێ یان پەرلەمانتارانی سەربەخۆ هەیە کە دەکرێت ببێتە هۆی دروستبونی لێکترازانیش لەڕیزەکانی ئۆپۆزسیۆندا.

سەرکەوتنی ئەم پلانە تەمەنی سیاسیی ئەردۆغان لەدەسەڵاتدا بۆ 30 ساڵ درێژدەکاتەوەو لەئێستاشدا چاودێران چاوەڕێی هەڵوێستی حزبە بچوکەکان‌و دەستپێکردنی هەڵمەتی ڕاگەیاندنی حکومەت دەکەن.