شارپرێس:
لەوەرچەرخانێکی کتوپڕی ئەمنیدا کە ئاستی قوڵبونەوەی مەترسییە نێودەوڵەتییەکان نیشاندەدات، لەندەن بەفەرمی (پەرتوکی شەڕ)ی حکومی کارا دەکاتەوەو تۆڕی بی بی سی ئاشکرایدەکات، بەریتانیا کەوتوەتە حاڵەتی ئامادەکاریی تەواو بۆ سیناریۆکانی بەرپابونی پشێوی یان هەڵگیرسانی جەنگی ڕاستەوخۆ؛ ئەم پێشهاتە قورسە هاوکاتە لەگەڵ دەرچونی ڕێنمایی فەرمی بۆ هاوڵاتیان تا دەستبەجێ دەست بەپاشەکەوتکردنی خۆراکو ئاوی خواردنەوە بکەنو خۆیان بۆ پچڕانی بەرفراوانی خزمەتگوزارییە گشتییەکان ئامادەبکەن، لەکاتێکدا وەزارەتەکان پرۆتۆکۆلی بەڕێوەبردنی قەیرانەکانیان نوێکردوەتەوە بۆ ئەنجامدانی مانۆڕێکی گەورەی بەرگریی ناوخۆیی لەساڵی 2027دا.
تۆڕی هەواڵی (بی بی سی)ی بەریتانی لەڕاپۆرتێکی بەپەلەدا کە ئەمڕۆ هەینی بڵاوکراوەتەوە ڕایگەیاندوه، حكومهتى لهندهن ئامادەکاریی فەرمی بۆ سیناریۆکانی پشێوییو ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕ دەکات؛ ئەمەش لەڕێگەی سەرلەنوێ کاراکردنەوەو نوێکردنەوەی (پەرتوکەکانی شەڕ ـ War Books)ی حکومی کە تێیدا میکانیزمی مامەڵەکردنی وەزارەتەکان لەگەڵ ئەو مەترسییە گەورانەی ڕوبەڕوی وڵات دەبنەوە، دیاریکراوە.
بهگوێرهى زانیارییەکانی ئەو تۆڕە، پلانە نوێیەکەی لەندەن گشتگیرەو پڕۆسەی ئامادەکاریی وەزارەتەکانی خێراکردوە، جیا لەنوێکردنەوەی پرۆتۆکۆلەکانی بەڕێوەبردنی قەیرانە نیشتمانییەکان، هاوكات حکومەت لەئێستاوە دەستیکردوە بەڕێکخستنی ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی مانۆڕێکی بەرفراوانی نیشتمانی بۆ بەرگریی ناوخۆیی کە بڕیارە لەساڵی 2027دا جێبەجێبکرێت.
لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتیو هاوڵاتیانیشدا، هێڵی فەرمیی حکومەت داوا لەدانیشتووانی بەریتانیا دەکات ئاستی ئامادەباشیی خۆیان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی دۆخی فریاگوزاریی بەرزبکەنەوە، ڕێنماییە فەرمییەکانیش جەخت لەسەر ئەوەدەکەنەوە، پێویستە خێزانەکان دەست بەپاشەکەوتکردنی کەرەستە سەرەکییەکانی وەک خۆراکو ئاوی خواردنەوە بکەنو خۆیان بۆ پچڕانی بەرفراوانو درێژخایەنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانو تێکچونی هێڵەکانی دابینکردنی کاڵا ئامادەبکەن.
شارەزایانی سیاسیی پێیانوایە، کاراکردنەوەی ئەم بەڵگەنامە کۆنانەی سەردەمی جەنگ، نیشانەی گەیشتنی گرژییە نێودەوڵەتییەکانە بەقۆناغێکی یەکجار هەستیار کە وڵاتانی زلهێز ناچاردەکات پێشوەختە ناوخۆی خۆیان بۆ خراپترین ئەگەرەکان ڕێکبخەنەوە.
