شارپرێس:
ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئەمنی ڕایگەیاند، لەدوای 30 ئەیلولەوە هەر کەسێک بەشێوەیەکی نایاسایی چەک هەڵبگرێت بەگوێرەی یاسا وەک تیرۆریست مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.
قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئەمنی ڕاگەیەندراوێکی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاو کردوەتەوەو ڕایگەیاند، ئەو هەواڵانەی ڕەتکردەوە کە لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا سەبارەت بەدیاریکردنی سەقفێکی زەمەنی بۆ کارەکانی لێژنەی سنوردارکردنی چەک لەدەستی دەوڵەتدا بڵاوبونەتەوە.
ڕاوێژکاری ئەمنیی سەرۆک وەزیران دوپاتی کردەوە، هیچ مۆڵەت و وادەیەکی دیاریکراو بۆ چەک کۆکردنەوە دانەنراوەو داوای لەهاوڵاتییان کرد کە وریای بڵاوبونەوەی پڕوپاگەندە بن و تەنیا لەسەرچاوە فەرمییەکانەوە زانیارییەکان وەربگرن.
قاسم ئەعرەجی ئاشکرایکرد، ئەم لێژنەیە لەلایەن هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگییەوە پێکهێنراوەو لەژێر سەرپەرشتی و چاودێریی ڕاستەوخۆی سەرۆک وەزیرانی عێراقدا ئەرکەکانی بەڕێوەدەبات تا دڵنیایی بدات لەوەی کە سەرجەم چەکەکان دەگەڕێنرێنەوە ژێر چەتری دامەزراوە سەربازییە فەرمییەکانی دەوڵەت.
ئاماژەی بەوەشدا، هەوڵەکان بەردەوام دەبن تاوەکو تەواوی ئەو هەنگاوانە بەشێوازێکی بێ کەموکوڕی و دروست لەسەر ئەرزی واقیع جێبەجێ دەکرێن.
ڕاوێژكارەكەی عەلی زەیدیی هۆشدارییەکی توندیدا و جەختی کردەوە لەوەی کاتێک کارەکانی لێژنەکە تەواو دەبن و چەک بەتەواوەتی لەدەستی دەوڵەتدا قەتیس دەکرێت، قۆناغێکی یاسایی توند دەستپێدەکات.
قاسم ئەعرەجی ڕاشیگەیاند لەو کاتەوە هەر کەس و لایەنێک بەشێوەیەکی نایاسایی چەک هەڵبگرێت وەک یاساشکێن هەژمار دەکرێت، توندترین رێکاری یاسایی لەدژی دەگیرێتەبەرو بەگوێرەی ماددە یاساییەکان هاوشێوەی تیرۆریستان دادگایی دەکرێت.
