شارپرێس:
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وەڵامی دەنگۆكانی دایەوەو ڕایگەیاند، تەنیا بانگەشەی خستنەخوارەوەی درۆنێک ناتوانێت ببێتە بنەمایەک بۆ ئاراستەکردنی تۆمەت بۆ سەر هیچ لایەنێک.
ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەپۆستێکدا لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس سەبارەت بەبانگەشەکانی خستنەخوارەوەی درۆنێک کە بەرەو مەکەی پیرۆز ئاراستە کرابوو، ڕایگەیاند، هەر جۆرە دەستدرێژییەک بۆ سەر شوێنە پیرۆزە ئیسلامییەکان، بەتایبەت مەکەی پیرۆز، مەدینەی منەوەرەو مزگەوتی ئەقسا، یان دروستکردنی هەڕەشە بۆ سەر زیارەتکاران و دانیشتوانیان، کارێکی بەتەواوی مەحکوومکراوە.
بەقایی ڕاشیگەیاند، تەنیا خستنەڕووی ئەو بانگەشەیە ناکرێت ببێتە بنەمایەک بۆ تۆمەتبارکردنی لایەنێکی دیاریکراو، بەتایبەتی لە کاتێکدا کە حکوومەتی گۆڕانکاری و بونیاتنەر لە یەمەن بەڕونی و ڕاشکاوانە ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردوەتەوە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی کردەوە، تاران پێداگری لەسەر پێویستیی رێگریکردن لەبەسیاسییکردنی پرسەکانی پەیوەست بە پیرۆزییە ئیسلامییەکان یان گۆڕینیان بۆ دۆسیەی ئەمنی دەکات، تاوەکو بۆ نانەوەی فیتنە و پەرەپێدانی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا بەکارنەهێنرێن.
هاوکات بەقایی هۆشداریی دا لەوەی کە نابێت لەبیر بکرێت ناوچەکە لەم مانگانەی دواییدا شاهیدی چەندین ئۆپەراسیۆنی "ئاڵای درۆینە" (False Flag) بوە، کە ئامانج لێیان لادانی سەرنجی رای گشتی بوە لەسەر ئەو تاوانانەی لەلایەن قەوارەی زایۆنیستی و ئەمریکاوە دەکرێن، هەروەها دروستکردنی دووبەرەکی لەنێوان دەوڵەتە ئیسلامییەکاندا بوە.
