عێراق سندوقێك بۆ قەرەبوكردنەوە دادەمەزرێنێت

عیراق

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 281 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەڕەزامەندیی سەرۆک وەزیران، لەچوارچێوەی ڕەشنوسی یاسای تاوانە نێودەوڵەتییەکان بڕیاری لەسەر دامەزراندنی سندوقێکی تایبەت بۆ قەرەبوکردنەوەی قوربانیان پەسەندکرد.


د. خەلەف سنجاری، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەڕاگەیەندراوێكدا ڕایگەیاند،  لەچوارچێوەی ڕەشنوسی پڕۆژەیاسای تاوانە نێودەوڵەتییەکان، تاوانەکانی جینۆسایدو تاوانەکانی دژ بەمرۆڤایەتی، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری لەسەر دوو خاڵی سەرەکی داوە:

یەکەم: دامەزراندنی سندوقێک بەناوی سندوقی قەرەبوکردنەوەی قوربانیانی تاوانە نێودەوڵەتییەکان لەسەر ئاستی فەرمانگە (لە خوار ئاستی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی)، خاوەنی کەسایەتیی مەعنەوی و سەربەخۆیی دارایی و کارگێڕی دەبێت. بودجەی ئەم سندووقە لە رێگەی ئەو بەخشین و هاوکارییانەوە دابین دەکرێت لەلایەن وڵاتان، رێکخراو و دەستە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکانەوە پێشکەش دەکرێن، هاوکات لەگەڵ ئەو بڕە پارەو قەرەبووانەی دەوڵەتی عێراق لەرێگەی سکاڵاو داواکارییە دادوەرییەکانی پەیوەست بەتاوانە نێودەوڵەتییەکانەوە بەدەستیان دەهێنێت.

دوەم: ئەرکەکانی ئەم سندوقە، لایەنی پەیوەستبون، پێکهاتە کارگێڕییەکان، میکانیزمی بەڕێوەبردن، دەروازەکانی خەرجکردن و تەواوی پرسەکانی پەیوەست بە کارکردنی، بەگوێرەی پەیڕەوێک دیاری دەکرێن دواتر لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەردەچێت.

ئەم بڕیارە وەک هەنگاوێکی گرنگ و پێویست دادەنرێت بۆ چەسپاندنی دادپەروەری، پاراستنی مافی قوربانیان و قەرەبوکردنەوەی زیانلێکەوتوانی تاوانە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەت قوربانیانی کۆمەڵکوژی و جینۆسایدی ئێزدییەکان و سەرجەم تاوانەکانی دژ بەمرۆڤایەتی.