حوسییەكان ئامارێكی وردی هێرشەكان ئاشكرادەكات

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 431 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وتەبێژی سەربازیی گروپی حوسییەکان لەیەمەن ڕایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی سعودیە تەنیا لەماوەی یەک هەفتەدا 300 هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر نۆ پارێزگای جیاوازی وڵاتەکە ئەنجامداوە.


یەحیا سەریع، وتەبێژی هێزە چەکدارەکانی حوسییەکان لەپەیامێکدا کە لەهەژماری فەرمیی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" بڵاویکردەوە، فڕۆکە جەنگییەکانی سعودیە لەماوەی 24 کاتژمێری ڕابردودا 26 هێرشی ئاسمانییان ئەنجامداوە.

ئاماژەشی بۆ ئەوەكردوە، ئەو هێرشانە لەرێگەی فڕۆکەی پێشکەوتوی جۆری ئێف 15 ئەنجامدراون کە لەبنکەی ئاسمانیی خەمیس موشەیتەوە لەباشوری خاکی سعودیە فڕیون و سەرجەمیان بەچڕی ناوچە جیاوازەکانی پارێزگای تەعزیان کردوەتە ئامانج.

وتەبێژی سەربازیی حوسییەکان ئاماری پەلامارە ئاسمانییەکانی ئەم هەفتەیەی سعودیەی خستەڕوو ڕایگەیاند، کۆی گشتیی هێرشەکان گەیشتوەتە 300 بۆردومانی ئاسمانی.

ئاماژەی بەوەدا، ئەم هێرشە فراوانانە لەرێگەی فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری ئێف 15 و فڕۆکەی تایفۆن جێبەجێ کراون کە لەهەردوو بنکەی ئاسمانیی خەمیس موشەیت و تائیفەوە هەڵفڕیون و پێگەکانیان لەنۆ پارێزگای یەمەن لەوانە تەعز، حەججە، مەئریب، جەوف، بەیزا، عومران، لەحج، حودەیدەو سەعدە بۆردومان کردوە.