شارپرێس:
بەگوێرەی زانیارییەکانی سەرچاوە سورییەکان کە بەشێوەیەکی تایبەت لەلایەن Turkiye Today ـەوە بڵاوکراونەتەوە، سوریا داواکاریی فەرمیی عەرەبستانی سعودی بۆ ڕێکخستن و ناردنی شەڕکەرانی سوری بۆ یەمەن ڕەتکردوەتەوە.
سەرچاوەکان دەڵێن، ڕیاز بۆ ماوەی چەند مانگێکە هەوڵ دەدات هێزی سەربازی لەدەرەوەی وڵات بەدەست بهێنێت، بۆ ئەوەی پێداویستییە سەربازییەکانی لە یەمەن دابین بکات. بەڵام دیمەشق ئەم داواکارییەی ڕەتکردوەتەوەو ڕونیکردوەتەوە کە سەرنجی سەرەکیی ئێستای سوریا لەسەر ڕێکخستنەوە و دامەزراندنەوەی هێزە سەربازییەکانی خۆیـەتی و نایەوێت وەک لایەنی سێیەم بچێتە ناو جەنگی یەمەن.
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، حکومەتی سوریا ڕێگری لەو کەسانە ناکات کە بەشێوەی تاکەکەسی و سەربەخۆ بۆ دەرەوەی وڵات بڕۆن و لە هەر جۆرە چاڵاکییەکی سەربازیی بەشداری بکەن؛ بەڵام دیمەشق هیچ بەرپرسیارێتییەکی فەرمی لەسەر ئەم جۆرە بەشدارییە لەئەستۆ ناگرێت.
لەلایەکی تریشەوە، سەرچاوە تورکییەکان ئەو بانگەشانەیان ڕەتکردوەتەوە کە دەڵێت تورکیا کارئاسانی بۆ گواستنەوەی شەڕکەرانی سوری بۆ یەمەن کردوە یان خۆی ئەوانی گواستوەتەوە.
لەهەمان کاتدا، بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، عەرەبستانی سعودی هێشتا بەدوای هێزی سەربازی و ڕاهێنەرانی سەربازی لەچەندین وڵاتدا دەگەڕێت.
پاکستان یەکێکە لەو وڵاتانەی کە هەوڵەکانی ڕیاز بۆ بەدەستهێنانی هێزی چەکدار لەوێ پێشکەوتنی زیاترێکی بەدەست هێناوە.
Turkiye Today هەروەها ئاماژەی بەهەندێک بانگەشەی پشتڕاستنەکراو کردوە کە دەڵێن هەوڵی بەدەستهێنانی هێزی سەربازی لەهەندێک وڵاتی ئەفریقای باکوریش دەدرێت.
بەڵام سەرچاوەکان دەڵێن، ئەگەر تورکیا یان پاکستان لەچوارچێوەی پەیمانی مەککە بەشداری بکەن، ڕۆڵی ئەوان زیاتر لەسەر ئەرکەکانی بەرگری، پاراستنی ژێرخان و دامەزراوە ستراتیژییەکان دەبێت، نەک بەشداریی ڕاستەوخۆ لە ئۆپەراسیۆنی زەمینی دژی ئەنسارەڵڵا (حوسییەکان).
