شارپرێس:
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "نیویۆڕک تایمز"، ئیدارەی ئەمریکا رۆژی یەکشەممەی رابردوو لەسەر داوای محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە، خۆی ئامادە کردبوو بۆ هێرشکردنە سەر حوسییەکانی یەمەن.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، فەرماندەکانی سوپای ئەمریکا ڕەزامەندییان لەسەر لیستی ئامانجەکان دا بوو و تیمە زەمینییەکان دەستیان بە بارکردنی تەقەمەنیی بۆ ناو فڕۆکە جەنگییەکان کردبوو، لەگەڵ ئەوەشدا، ترەمپ بڕیاریدا لە دوا ساتەکانی پێش فڕینی فڕۆکەکان، کردەکە سڕ بکات.
ئەوەش هاتووە: سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕوونی کردۆتەوە کە وڵاتەکەی کەناڵی پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ حوسییەکان دەپارێزێت، و کە گرووپەکە پابەند بووە بە هێرشنەکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا، ئەوەش دوای ئەو ئاگربەستەی لە ساڵی 2025 لە نێوان هەردوولادا هاتە ئاراوە.
واشنتۆن پێی باشترە تەنیا هاوکاریی هەواڵگریی پێشکەش بە سعوودییە، و بەپێی تۆڕی CNN، لە نێوان 100 بۆ 200 ڕاوێژکاری سەربازیی ئەمریکی لە سعودیە هەن و هاوکاری لە دەستنیشانکردنی ئامانجەکاندا دەکەن.
لەگەڵ ئەمەشدا، پێنج سەرچاوەی سەربازی بۆ ئاژانسی "ڕوویترز" ڕایانگەیاند کە حوسییەکان هەوڵ دەدەن دەست بەسەر چیاکانی کەهبۆبدا بگرن کە کەناراوەکانی دەریای سور و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی یەمەن کە پارێزگاکانی تەعەز و لەحج لێک جیا دەکاتەوە.
کۆنتڕۆڵکردنی ئەم ناوچانە ڕێگە بە حوسییەکان دەدات هێزەکانیان لە دەوروبەری گەرووی بابولمەندەب بپارێزن و کۆنتڕۆڵی تەواویان بەسەر یەکێک لە گرنگترین ڕێڕەوەکانی دەریاوانیی جیهاندا پێدەبەخشێت