وەزیری دەرەوەو شاندێكی باڵای ئێران گەیشتنە نیويۆرك

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 194 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بەسەرۆکایەتیی شاندی دیپلۆماسیی وڵاتەکەی گەیشتە شاری نیویۆرک، بەمەبەستی بەشداریکردن لەکۆبونەوەی ساڵانەی سەرکردەکانی جیهان لەکۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتوەکان.


تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە کە عێراقچی ڕاستەوخۆ دوای گەیشتنی بەنیویۆرک، بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتوەکان کردوەو بیروڕایان لەبارەی کارنامەی کۆبونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی ئاڵۆگۆڕ کردوە.

عێراقچی لەلێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەڤانانی ئێرانی لەنیویۆرک وتی،"گرنگترین ئامانجی ئێمە ئەوەیە ئەم سەکۆیە نێودەوڵەتییە گەورەیە بەکاربهێنین بۆ داکۆکیکردن لەشەرعییەت، ماف و بەرژەوەندییەکانی گەلی ئێران."

ئەمە لەكاتێكدایە، پێشتر میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردبوەوە کە بڕیار بوو مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران سەرۆکایەتیی شاندەکە بکات، بەڵام ئەمریکا ڤیزەی نەدا بەبەشێک لەئەندامانی شاندەکەی پزیشکیان، لەناویاندا تیمی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنەکەی.