کاریگەرییەکانی ڕژێنی دەرەقی لەسەر دڵ

تەندروستی

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1193 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕژێنی دەرەقی کە شێوەیەکی وەک پەپولەی هەیەو لەپێشەوەی ملەوەیە، هۆرمۆنەکانی دەخاتە ناو خوێنەوەو کاریگەرییان لەسەر زۆربەی ئەندامەکانی جەستە هەیە، بەتایبەتی، ئەم هۆرمۆنانە ڕۆڵێکی گرنگ لەکارکردنی دڵ‌و خوێنبەرەکاندا دەبینن؛ بۆیە کێشەکانی ڕژێنی پەریزادە (دەرەقی) دەتوانن نیشانەی نەخۆشییەکانی دڵ دروستبکەن یان کێشەی پێشوی دڵ خراپتر بکەن.


لەتەمبەڵیی ڕژێنی پەریزادەدا، ئاستی هۆرمۆنی دەرەقیی دادەبەزێت‌و چالاکیی سیستەمەکانی جەستە کەمدەبێتەوە، نیشانە باوەکان بریتین لەماندوبون، زیادبونی کێش، نەگونجانی گەرما، قەبزی‌و وشکبونی پێست.

تەمبەڵیی ئەم ڕژێنە دەتوانێت لێدانی دڵ خاوبکاته‌وه‌، توانای پەمپکردنی دڵ کەمبکات‌و کۆلیسترۆڵی زیانبەخش بەرزبکات؛ ئەمەش دەکرێت پەیوەندیی بەتەنگبونەوەو سەختبونی خوێنبەرەکانەوە هەبێت.

لەبەرامبەردا، چالاکیی زۆری ڕژێنی پەریزادە دەبێتە هۆی زیادبونی هۆرمۆنەکانی، لەم حاڵەتەدا لێدانی دڵ خێراترو بەهێزتر دەبێت‌و دەتوانێت ببێتە هۆی ناسازبونی ڕیتمی دڵ، بەتایبەتی لەرزینەوەی گوێچکەڵەی دڵ، هەروەها بەرزبونەوەی فشاری خوێن‌و دروستبونی هەستی خێرایی یان نائاسایی لەلێدانی دڵ.

تەمبەڵیی‌و چالاکیی ڕژێنی پەریزادە چەندینجۆری هەیە، تەمبەڵیی دەتوانێت سەرەتایی، دوەم، سێیەم یان ژێرکلینیکی بێت؛ لەچالاکیشدا نەخۆشیی گڕێڤز، گەورەبونی گرێی غودە، ئەدینۆمای زۆرچالاک‌و هەڵاوسانی غودە لەهۆکارە باوەکانن.