وۆڵ ستریت جۆڕناڵ: نێوەندگیرەکان فشارە دەخەنە سەر تاران بۆ سازشکردن لەبەرامبەر ئەمریکا

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 258 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پێشبینی کرد گفتوگۆکان لەنێوان تاران و واشنتۆن  لە هەفتەی داهاتوودا دەستپێبکەنەوە سەرچاوەیەکی ئێرانی، ئەمرۆ دووشەممە هەبوونی هیچ جۆرە گفتوگۆیەکی نوێی لەنێوان ئەو دوو وڵاتە ڕەتکردەوە.

دەزگای هەواڵی ئێرانی "ئیرنا" لە سەرچاوەیەکی نزیک لە دەستەی دانوستانکاری ئێران، کە بۆ بەشداریی لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرکە، گواستەوە کە ئەو دەستەیە "نیازی ئەنجامدانی هیچ گفتوگۆیەکی لەگەڵ ئەمریکا نییە".

ترەمپ ڕۆژی یەکشەممە بە ماڵپەڕی "ئاکسیۆس"ی وتبوو پێشبینی دەکات گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران هەفتەی داهاتوو دەستپێبکەنەوە، دوای ئەوەی پێشنیاری تاران بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ ڕەتکرایەوە.

لە لایەکی دیکە، "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" لە ناوبژیوانانی بەشدار لە گفتوگۆکانەوە گواستۆتەوە کە نێوەندگیرەکان فشار لەسەر ئێران دەکەن بۆ پێشکەشکردنی سازش لە بابەتی بەرنامە ناوەکییەکەی، بە مەبەستی گەڕانەوەی گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمریکا.

بەپێی ڕۆژنامەکە، ئەم هەوڵانە بۆ ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی گرژییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی فراوانی سەربازیی. نێوەندگیرەکان هەوڵدەدەن پرسی ناوەکیی ئێران بگەڕێننەوە بۆ سەرەکیی بابەتی گفتوگۆکان، لە جیاتی سەرنجخستنە سەر ناکۆکییەکان لەسەر گەرووی هورمز و گەمارۆی ئەمریکا لەسەر بەندەرە ئێرانییەکان.

بەڵام نێوەندگیرەکان رایانگەیاندووە کە تاران هێشتا ئاماژەیەکی زۆری ئامادەیی بۆ پاشەکشەکردن لە بەرنامە ناوەکییەکەی نەداوە، لە کاتێکدا بەرپرسانی ئێرانی داوای هەنگاوی هاوشانی ئەمریکا دەکەن.