لەسەر پرسی کوردو حەماس.. بەفەرمانی ناتانیاهۆ دۆسیەیەکی یاسایی هەمەلایەنە دژ بەئەردۆغان ئامادە دەکرێت

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 495 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
کەناڵی "i24NEWS" ی عیربی  ئاشکرایکردووە کە دوێنێ یەکشەممە،  بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئێسرائیل، فەرمانی بە تیمی هاوبەشی وەزاری و بەڕێوەبەری بەشی یاسایی نێودەوڵەتیی ئێسرائیل داوە دەست بە ئامادەکردنی دۆسیەیەکی یاسایی لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی "ICC" دژی ڕەجەب تەییپ ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا، بکەن؛ بەهۆی مامەڵەکردنی لەگەڵ کوردەکان و پشتیوانیکردنی دارایی حەماس.

 
ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە ئەردۆغان ڕایگەیاند داوای لە ئینتەرپۆڵ کردووە هۆشدارییەکی "سور" دژی ناتانیاهۆ دەربکات. بەڵام، بەپێی سەرچاوەکان، ئەم هەنگاوە بەشێکە لە زنجیرەیەک لە هەڵچوونە سیاسییەکان کە بۆتە هۆی ئامادەکردنی دۆسیەی یاسایی دژ بە یەکتر.

سەرچاوەکان دەڵێن دۆسیەکە بە شێوەیەکی سەرەکیی فۆکەس دەخاتە سەر هێرشەکانی ئەردۆغان دژی نەتەوەی کورد لە تورکیا و هەروەک دەستێوەردانی حکومەتی تورکیا لە پشتیوانیکردنی دارایی حەماس .

کەناڵەکە دەڵێت: ئەگەری ئەوە هەیە ئێسرائیل خۆی دۆسیەکە پێشکەشی دادگاکە بکات، بەڵام سەرچاوەکان دەڵێن ئەگەری بەکارهێنانی لایەنێکی ناوەند بۆ ئەم مەبەستە زیاترە. لەکاتێکدا نە ئێسرائیل و نە تورکیا واژۆی پەیماننامەی ڕۆما، بنەمای دامەزراندنی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، نەکردووە.

سەرچاوەکان هەروەک ئاماژە دەکەن کە ئێسرائیل هیوادارە پێویستی بە پێشکەشکردنی دۆسیەکە نەبێت و تەنیا بوونی ئەو دۆسیەیە وەک کارتی فشار دژی ئەردۆغان بەکاربهێنێت.