پارتێکی بەریتانی ئیسرائیل وەک ڕەگەزپەرست دەناسێنێت‌و پاڵپشتیی دەوڵەتی فەڵەستین دەکات

جیهان

10 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1314 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەندامانی پارتی سەوز لەئینگلتەراو وێڵز، لەمیانی کۆنگرەی ساڵانەی خۆیاندا لەشاری "برایتۆن"، دەنگیان بەپێشنیازێکدا کە ئیسرائیل وەک شێوازێک لەشێوازەکانی ڕەگەزپەرستی پۆلێندەکات، ئەمەش لەناو سەرکۆنەکردن‌و توندبونەوەی بەربڵاوی ئیسرائیلی‌و بەریتانیا.


ئەندامانی بەشداربوی پارتەکە لەبرایتۆن، پێشنیازەکەیان بە1022 دەنگ بەرامبەر بە183 دەنگ (واتە نزیکەی 56٪ی دەنگەکان) پەسەندکردو به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتی تۆڕی "ITV"، ئەم پێشنیازه پارتی سەوز وەک "پارتێکی دژە ئیسرائیلى دەناسێنێت‌و دەقەکەی جەختدەکاتەوە، لەمەودوا وەک هەر جۆرێکی دیكه‌ى ڕەگەزپەرستی مامەڵە لەگەڵ ئیسرائیلدا دەکرێت.

ئەم پێشنیازە هاوکات داوای دامەزراندنی دەوڵەتێكى فەڵەستینی دەکات لەسەرتاسەری خاکی فەڵەستیندا؛ کە ئەمەش داڕشتنێکەو ڕەخنەگران پێیانوایە، لەبواری کرداریدا بەواتای کۆتاییهێنان بەدەوڵەتی ئیسرائیل دێت.

ڕێبەری پارتەکە، زاک بۆلانسکی پشکداریی لەم دەنگدانەدا نەکرد، چونکە دوای پێشکەشکردنی وتارەکەی لەڕۆژی هەینی، کۆنگرەکەی جێهێشتبوو بەمەبەستی به‌شداریكردن لەشاڵاوی هەڵبژاردنە لاوەکییەکانی بازنەی "هۆڵبۆرن‌و سانت پانکراس"؛ کە ئەمە بازنەی پێشوی کیه‌ر ستارمەر سەرۆک وەزیرانی پێشوی بەریتانیا بوو.

ڕۆژنامەی "The Jerusalem Post" ئاماژەی بەوەکردوە، بۆلانسکی کە خۆی جولەکەیە، لەسەرکۆنەکردنی ئەم پێشنیازە خۆی بەدورگرتوە.

هاوكات به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتی تۆڕی "GB News"، پێشنیازەکە بەبێ هیچ دەستکارییەکی بنەڕەتی پەسەندکراوە، دوای ئەوەی کۆنگرەکە سێ پێشنیازی هەموارکردنی گۆڕانکاریی تێدا ڕەتکردەوە.

به‌گوێره‌ى زانیارییەکانی "ITV"، یەکێک لەو خاڵانەی ڕەتکرایەوە، بەندێک بوو کە ڕونیدەکردەوە نابێت ئەم بڕیارە بەکاربهێنرێت بۆ گوشارخستنەسەر ئەندامانی پارتەکە یان سزادانیان بەهۆی په‌یوەندییان بەکەنیسە یان کۆمەڵە جولەکەکانی کە خۆیان وەک ئیسرائیلى پێناسە دەکەن.