بەریتانیا هەڕەشەی دەکردنی دیبلۆماتکارە ئیسرائیلییەکان دەکات

جیهان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 313 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:
ئاژانسی هەواڵی "ڕۆیتەرز" لەسەر زاری چوار سەرچاوەوە گواستویەتییەوە کە ئەگەر ئیسڕائیل بڕیاری داخستنی کۆنسوڵخانەی بریتانیا لە قودسی ڕۆژهەڵات جێبەجێ بکات، لەوانەیە بریتانیا بە دەرکردنی ژمارەیەک دیپلۆماتی ئیسڕائیلی وەڵامی ئەو هەنگاوە بداتەوە.

ئیسرائیل لە 8ی ئەیلولدا داوای لە بەریتانیا کرد کۆنسوڵخانەکەی لە قودسی ڕۆژهەڵات لە ماوەی 30 ڕۆژدا دابخات و دیپلۆماتەکانی لە شارەکە بکێشێتەوە. ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە بەریتانیا ڕایگەیاند دەیەوێت کۆتوبەندی بازرگانیی لەسەر کاڵاکانی بەرهەمهاتوو لە کۆمەڵگە جولەکەنشینەکان  لە کەناری ڕۆژئاوا بسەپێنێت.
بەپێی سەرچاوەکان، کۆتایی مۆڵەتی ەبریتانیا بۆ داخستنی کۆنسوڵخانەکە ڕۆژی پێنجشەممەیە و ئەمە کاریگەری لەسەر نزیکەی 30 دیپلۆماتی ەبریتانی دەبێت کە لەوێ کار دەکەن، لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکانیان.
سەرچاوەکان کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، وتوویانە ئەگەر کۆنسوڵخانەکە دابخرێت، لەوانەیە بەریتانیا ژمارەیەکی هاوشێوە لە دیپلۆماتە ئیسرائیلییەکانی باڵیۆزخانەی ئیسڕائیل لە بەریتانیا دەرکات.
کۆنسوڵخانەی بەریتانیا لە گەڕەکی شێخ جەڕاح لە قودسی ڕۆژهەڵاتە و پەیوەندییەکانی بەریتانیا لەگەڵ فەڵەستینییەکان لە قودس، کەناری ڕۆژئاوا و غەززە بەڕێوە دەبات و خزمەتگوزارییە کۆنسوڵییەکانیش پێشکەش دەکات. ئەم کۆنسوڵخانەیە نزیکەی 200 ساڵە لە قودس هەیە.
"ۆیتەرز" دوێنی دووشەممە ڕایگەیاند کە جاناتان پاوڵ، ڕاوێژکاری ئەمنیی نیشتمانی بەریتانیا، هەفتەی ڕابردوو بە نهێنیی سەردانی ئیسڕائیلی کردووە بۆ هەوڵدان بۆ مانەوەی کۆنسوڵخانەکە، بەڵام نەیتوانیوە ڕێککەوتنێک بەدەست بهێنێت. لە بەرامبەردا، سەرچاوەیەک وتوویەتی بەریتانیا هێشتا هیواخوازە بە ڕێککەوتنێک بگات.
بەپێی ڕۆیترز، دوو سەرچاوەی تر وتوویانە بریتانیا داوای لە هەندێک وڵاتی ئەورووپی کردووە ئەم بابەتە لەگەڵ ئیسڕائیل بوروژێنن، بە ئامانجی گۆڕینی بڕیاری داخستنی کۆنسوڵخانەکە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئیسڕائیل بۆ رۆیتەرز پشتڕاستی کردۆتەوە کە کۆنسوڵخانەکە ڕۆژی پێنجشەممە دادەخرێت