ئێران بۆ یەکەمجار ڕاستیی هێرشەکەی سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی ئاشکرادەکات

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 5349 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەپێشهاتێکی ئەمنیی ناوازەدا، سەرکونسوڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەهەولێر بۆ یەکەمجار پەردە لەسەر مەلەفە شاردراوەکانی جەنگ لادەدات‌و لەسەر پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکاو دەوڵەتانی ڕۆژئاوا لەعێراق، هاودەنگیی خۆی بۆ لێدوانە بەناوبانگەکەی سەرکردەی سیاسیی کورد محەمەدی حاجی مەحمود ڕایدەگەیەنێت‌و دەڵێت، "ئێمەش وەک کاک حەمە دەڵێین با بڕۆن ملیان بشکێت"؛ ناوبراو لەهەمانکاتدا ئاشکرایدەکات، هێزە تایبەتەکانی (CIA) هێشتا لەعێراقدا ماونەتەوەو حزبەکانی ڕۆژهەڵاتیش بەپێشێلکردنی ڕێککەوتنی ئەمنیی سێ قۆڵی تۆمەتباردەکات.


فەرامەرز ئەسەدی سەرکونسوڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەهەولێر لەدیدارێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی "ڕوداو"، چەندین مەلەفی گرنگی سەربازیی، ئەمنی‌و جیۆپۆلەتیکی لەنێوان تاران، هەولێرو واشنتۆندا ئاشکراکرد؛ ناوبراو ڕایگەیاند، هێزە تایبەتەکانی دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA) هێشتا لەعێراقدا ماونەتەوە، ده‌شڵێت، "تاران‌و هەولێر بەوریاییەکی زۆرەوە قۆناغی جەنگە قورسەکەی ناوچەکەیان تێپەڕاندوە".

سەرکونسوڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەهەولێر ئاشکرایکرد، هەرێم نەیویستوە بچێتە ناو جەنگەکەوە؛ هەرچەندە ئەمریکا هەوڵێکی زۆریدا تاوەکو هەرێمی کوردستان تێوەبگلێنێت، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، پەیوەندییەکانی تاران‌و هەولێر پێش جەنگ‌و پاش جەنگیش بەتوندوتۆڵی ماونەتەوە.

به‌رپرسه‌ باڵاكه‌ى ئێران له‌هه‌ولێر باسى له‌هێرشه‌كه‌ى سه‌ر ماڵى سه‌رۆك وه‌زیران‌و سه‌رۆكى هه‌رێم كردو جه‌ختیكرده‌وه‌، ئەو یەکەم کەس بوە هێرشەکەی سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی ئیدانەکردوەو دواتریش وەزیری دەرەوەی ئێران عەباس عێراقچی پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ سەرۆکی هەرێم ئەنجامداوە، ئه‌وه‌شى وت، "کاتێك ماڵی سەرۆک وەزیران‌و سەرۆکی هەرێم کرانە ئامانج، ئێران خێرا ئیدانەی کرد؛ ئەمەش دەیسەلمێنێت ئێمە نەبوین، چونکە ئەگەر کارێک بکەین، شەرم له‌كه‌س ناکەین‌و بە شانازییەوە دەیڵێین، بەڵام ئه‌وه‌ى ئه‌نجامدرا کارى ئێمە نەبوو".

ئەسەدی نایشارێتەوە کە کێشەیەکی زۆر گەورە لەنێوان تاران‌و هەولێردا هەیە کە پەیوەستە بەحزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە؛ ئەو تۆمەتباریکردن بەوەی دوای جەنگیش چونەتە ناوشارەکانی ڕۆژهەڵات، خەڵکیان کوشتوەو ڕێککەوتنی ئەمنیی سێقۆڵیی نێوان (هەولێر — تاران — بەغدا)یان پێشێلکردوە.

ئەسەدی جەختیکردەوە، "بەڵگەی تەواومان هەیە کە بەرپرسێکی سەربازیی حزبی دیموکرات لەناوخاکی هەرێمەوە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ناوخۆی ئێرانی بەڕێوەبردوە".

کونسوڵی ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ گفتوگۆی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، بەڵام تەنها لەگەڵ بەغداو هەولێر، نەک خودی حزبەکان؛ چونکە بەوتەی ئەو، "هێزەکانی ڕۆژهەڵاتى كوردستان خاوەنی بڕیاری خۆیان نین‌و بڕیاریان بۆ دەدرێت"، هاوکات پەیامێکی ئاڕاستەکردن‌و وتی دەرگا کراوەیە بۆ هەرکەسێک بیه‌وێت بگەڕێتەوە بۆ ئێران‌و ژیانیشی پارێزراو دەبێت، به‌ڵام وه‌ك حزب‌و هێز نا، به‌ڵكو وه‌كو هاوڵاتى.

سەرکونسوڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەکۆتایی قسەکانیدا سەبارەت بەکۆتاییهاتنی ئەرکی هێزەکانی ئەمریکاو دەوڵەتانی ڕۆژئاوا لەناوچەکەدا، هاودەنگیی خۆی بۆ سەرکردەیه‌كى سیاسیی کورد ڕاگەیاندو وتی، "لەبەرامبەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، ئێمەش هەمان قسەکەی محەمەدی حاجی مەحمود دوبارە دەکەینەوەو دەڵێین: با بڕۆن ئه‌ولاترچن‌و ملیان بشکێت".

بەپەلە