بڕیارێک‌و دوو هەڵوێست، سپیکردنەوەی گوتاری سیاسیی لەپرسی دۆلاردا

قەڵەمی ڕۆژ

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1048 جار خوێندراوه‌ته‌وه

لەپاش ئەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەفەرمی نرخی سەد دۆلاری لەنێوان،(١٥٠ بۆ ١٥٢) هەزار دینار جێگیر کرد، شەپۆلێکی گەورەی ناڕەزایەتیی شەقام و ناوەندە سیاسییەکانی گرتەوە، بەڵام ئەوەی لەم نێوەندەدا جێگەی هەڵوەستە لەسەرکردنە، کاردانەوەی کەسی یەکەمی بەشێکی ئەو هێزە سیاسییە باڵادەستانەی بەغداد بوو، کە لە ڕێگەی پەیام و لێدوانەکانیانەوە خۆیان وەک پارێزەری گیرفانی خەڵک نمایش کرد و بڕیارەکەیان بە نەخـوزراو لەقەڵەمدا، ئەم کاردانانەوەش پرسیاری ئەوە دەوروژێنێت، ئایا ئەو وەزیرانەی، کە لە ناو کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی وەزیراندا دەنگیان بە پەسەندکردنی ئەم پێشنیارە داوە،  نوێنەر و جێبەجێکاری ئەجێندای هەمان ئەو سەرکردە و حیزبە سیاسییانە نین، کە ئێستا لەسەر شاشەکانەوە ڕەخنەی لێ دەگرن و ئیدیعای لەگەڵدا نەبوونی دەکەن؟

بێگومان ئەمە بانێک و دوو هەوایە چونکە ئەگەر بە لۆژیکی واقیعی سیاسی وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە، ئەوا  زەحمەتە هیچ وەزیرێک بەبێ ڕەزامەندیی پارتە سیاسییەکەی بڕیارێکی وا پەسەند بکات، لەبەر ئەوەی خەسڵەت و سروشتی حوکمڕانی لە عێراقدا لەسەر بنەمای موحاسەسە داڕێژراوە، بەو پێیەش سەرجەم کاربەدەستە پلە باڵاکانی حکوومەت، بێ پێچ و پەنا نوێنەرایەتیی  هێزە سیاسیەکانیان دەکەن و وابەستەی بڕیاری پارتەکانیانن، بۆیە کاتێک دەبینین هێزێک لەیەک کاتدا لە حکوومەتدا دەنگ بە بڕیارێک دەدات و لەسەر شاشەکانیش خۆی لێ بێبەری دەکات، تێدەگەین کە ئەم جۆرە ڕەفتارانە هەڵوێستێکی نامۆ نین، بەڵکو ڕەنگدانەوەی ڕاستەقینەی فەزای سیاسییە لە عێراقدا، کە بەشێکی زۆری لەسەر بنەمای گوتاری پۆپۆلیزم کار دەکات، لەم ژینگەیەدا، زۆرجار کارەکتەری هێزە باڵادەستەکان لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە ڕێککەوتن لەسەر پرسە هەستیارەکان دەکەن، کەچی لەبەردەم کامێرا و ڕای گشتیدا، ڕۆڵی ئۆپۆزیسیۆنێکی خەمخۆر دەگێڕن بۆ ئەوەی سۆزی شەقام بەدەست بهێنن و خۆیان لە باج و لێکەوتەکانی بپارێزن، واتە پاراستنی باڵانسی نێوان دوو ئامانجی دژبەیەک لەیەک کاتدا، ئەمەش دەچێتە چوارچێوەی (سپیکردنەوەی هەڵوێستی سیاسی)یەوە، کە بەداخەوە ئەم جۆرە مامەڵە سیاسییە بووەتە عورف و عادەت لە ئەجێندای بەشێکی هێز و لایەنەکان.

لێرەدا ئێمە مەبەستمان ئەوە نییە هەڵسەنگاندن بۆ دروست و نادروستی  بڕیارەکەی حکوومەت بکەین  ئەوە بابەتێکی دیکەیە، وەک عەرەب ئەڵێت (بحپ‌َُ ێخر) راستە دەستکاریکردنی بەهای دراو لێکەوتە و دەرهاویشتەی فرەڕەهەندی ئابووری هەیە، بەڵام ئەوە ئەرکی دامەزراوە تایبەتمەندەکانی دەوڵەت و پسپۆڕانی بوارەکەیە  شرۆڤەو قسەی لەسەربکەن هەروەک چۆن ئەرکیشیانە باڵانسێک لە نێوان دابەزاندنی بەهای دراوی نیشتمانی و ڕێگریکردن لە هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان دروست بکەن لەبازاڕەکاندا، ئیدی توانای دەزگاکانی دەوڵەت بۆ ئیدارەدانی ئەم دۆخە و ئاستی سەرکەوتنیان لە ئیحتیواکردنی لێکەوتەکانیدا چۆنەو نەتیجەی چی دەبێت پرسێکە ڕۆانی داهاتوو بە کردەیی وەڵامەکەی دەردەکەوێت، 

بەڵکو ئەوەی لێرەدا مەبەستی سەرەکی ئێمەیە،  وەستان و تێڕامانە لەسەر هەندێک بەیاننامە و دەربڕینی سیاسیەتی دوو پێوانەیی، لەکۆتاییدا، تا ئەو کاتەی شەفافیەت لە بڕیاردانی  سیاسیی لەعێراقدا نەبێتە بنەمای کاری حوکمڕانی و کۆمەڵگە و میدیا نەتوانن هێزە سیاسییەکان بە کردارەکانیانەوە گرێ بدەن نەک بە گوتارەکانیانەوە، ئەم جۆرە هەڵس و کەوتانە بەردەوام دەبێت، حەتمەن تێپەڕاندنی ئەم دیاریدەیەش پێویستی بە هۆشیارییەکی قووڵتری گشتی هەیە، تاوەکو هەندێ لەو  کارەکتەرە سیاسییانەی کەوا رەفتاردەکەن ناچار بکرێن لەبری خۆدزینەوە و یاریکردن بە سۆزی شەقام، بەرپرسیارێتی تەواوی بڕیارەکانیان لە ئەستۆ بگرن، نەک ئەوەی لەسەر حیسابی بەلاڕێدابردنی تێگەشتنی خەڵک، سەرمایەی سیاسی و جەماوەریی خۆیان زیاد بکەن.

بەپەلە