شارپرێس:
ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، جەخت لەسەر گرنگیی پابەندبون بەیاسا بەرکارەکان کراوەتەوە بۆ بەکارهێنانی دیناری عێراقی لەسەرجەم مامەڵە دارایی و بازرگانییەکانی ناوخۆدا، بەمەبەستی بەهێزکردنی متمانە بەدراوی نیشتمانی و رێکخستنی بازاڕ.
مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژكاری عەلی زەیدیی سەرۆك وەزیرانی عێراق، ڕاشیگەیاند، هاوئاهەنگیی ئامێرە بازرگانی و چاودێرییەکان یارمەتیدەرە لەبەدواداچونی بازاڕەکان و سزادانی سەرپێچیکاران، بەشێوەیەک کە مافی بەکاربەران بەتایبەت توێژە کەم پێداویستەکان بپارێزێت و ژینگەیەکی بازرگانیی دادپەروەرانەش بۆ بازرگانە پابەندەکان مسۆگەر بکات.
وتیشی، رێکارە چاودێرییەکانی حکومەت کۆڵەکەیەکی سەرەکین بۆ کۆنترۆڵکردنی بازاڕ و رێگریکردن لەبەرزبوونەوەی بێپاساوی نرخەکان، هەروەها بەرەنگاربوونەوەی قۆرخکاری و قۆستنەوەی پێداویستییە خۆراکی و بەکاربەرییەکانی هاوڵاتییان.
جەختی لەوە کردەوە، چاودێریی بازاڕ بەتەنها بەس نییە، بەڵکو پێویستە هاوشانی سیاسەتی ئابوری و پشتگیریکردنی بەرهەمی ناوخۆیی بێت بۆ دەستبەربونی سەقامگیریی بژێویی هاوڵاتییان.