شارپرێس:
لەئەنجامی هێرشێکی چەکداریی تاقمو کۆمەڵە یاساشکێنەکان لەشاری حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان، سێ برای کورد بەسەختی برینداربون؛ پاشئەوەی لەکاتی گەڕانەوەیان بۆ ماڵەوە لەنزیک چوارڕیانی پیشەسازیی (دوار الصناعه) کرانە ئامانج، ئەم پێشهاتە هاوکات بوە لەگەڵ سەرهەڵدانی شەپۆلێکی توندوتیژییو کارو کردەوەی تێکدەرانە دژ بەناوچەو نیشتەجێبوانی کورد لەشارەکەدا.
نوسینگەی ڕاگهیاندنى زانیارییە پزیشکیو مەیدانییەکان لهحهسهكه وردەکاریی ئەم هێرشە نەتەوەییو تێکدەرانەیەی ڕاگهیاندوهو ئاماژهى بهوهكردوه، لەم هێرشە چەکدارییەدا دوو لەبراکان بەفیشەک برینداربونو برای سێیەمیش بەهۆی لێدانو ئەشکەنجەیەکی توندەوە توشی پێکان هاتوە؛ هەرسێ قوربانییەکە خێرا گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی ڕەجا (مستشفى الرجاو) و لەئێستادا یەکێکیان نەشتەرگەریی کتوپڕی بۆکراوەو دوو براکەی دیكهش لەژێر چاودێریی پزیشکیدان بۆ تەواوکردنی پشکنینەکان.
ئەم دەستدرێژییە هاوکات بوە لەگەڵ کارە تێکدەرانەکانی ناو خۆپیشاندانەکانی دوێنێ هەینی کە تێیدا تاقمە یاساشکێنەکان چەندین ئۆتۆمبێلو شوشەی پەنجەرەی ماڵانیان شکاندوەو بەبەرد هێرشیانکردوەتەسەر ماڵی هاوڵاتیانی کورد لەگەڕەکە جیاوازەکاندا.
سهرچاوه ئهمنیهكانى شارهكه وتویانه، "کۆمەڵە ئاژاوەگێڕەکان لەناو شەقامەکاندا سەرجەم لافیتە، دروشمو وێنەی ڕەمزە کوردییەکانیان دڕاندوەو لەگەڵ ئەمەشدا، دەستەواژەو نوسینی ڕەگەزپەرستانەی دژ بەکوردیان لەسەر دیوارەکانی شاری حەسەکە نوسیوە بەمەبەستی نانەوەی فیتنەی نەتەوەیی".