ئایا ئێران لاسایی کۆریای باکور دەکاتەوە؟

جیهان

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 476 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
شەڕی ئەمریکاو ئیسرائیل دژی ئێران و کوژرانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشووی ئێران، دەرگای بەرەوڕووی زیادبوونی داخوازییەکان بۆ بەدەستهێنانی چەکی ناوەکیی لەناو ڕەوتی توندڕەوی ئێراندا کردۆتەوە.

ئەم بارودۆخە پرسیارەکەی گۆڕینی دۆکتڕینی ناوەکیی ئێران و هەڵوەشاندنەوەی پابەندییە ئایینی و سیاسییەکانی پێشووی خستۆتەوە ڕوو، بەڵام تاران هێشتا بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەم بابەتە نەداوە. بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "فاینەنشیاڵ تایمز"، ناکۆکیی ناوخۆیی و ترس لە ئەنجامەکانی بەدەستهێنانی چەکی ناوەکی، بەربەستێکن لەبەردەم گۆڕانکارییەکەدا.

لە ماوەی دوای کوژرانی خامنەییدا، هەندێک سیاسەتمەدار، نوێنەری پەرلەمان و شیکەرەوەی نزیک لە ڕەوتی توندڕەو بانگەشەی وازهێنان لە بۆچوونی ڕەتکردنەوەی چەکی ناوەکەی و کشانەوە لە پەیماننامەی ڕێگریی لە بڵاوبوونەوەی چەکی ناوەکییان کردووە. ئەوان پێیان وایە خاوەندارێتیی چەکی ناوەکیی دەتوانێت هێرشە دەرەکییەکان ڕابگرێت، بە تایبەتیی کە ئەزموونی کۆریای باکوور بە نموونەیەک بۆ کاریگەریی دەمکوتکەرانەی ئەم چەکە دەهێننەوە.

حەسەن قەشقەوی، وتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمانی ئێران، ئاماژەی بەوە داوە کە ڕێبەری نوێ دەتوانێت فەتوایەکی نوێ لەبارەی بەرنامەی ناوەکییەوە دەربکات. بە بۆچوونی ئەم بەرەیە، ئێران پێویستی بە سیستەمێکی تەواوی دەمکوتکەر و ڕێگریی هەیە بۆ ئەوەی دووبارە نەکەوێتە بەر هێرش، تەنانەت ئەگەر لە پڕۆسەی دانوساندنیشدا بێت.

کوژرانی خامنەیی، کە نزیکەی دوو دەیە پێش ئێستا فەتوای قەدەغەکردنی پەرەپێدانی چەکی ناوەکیی دەرکردبوو، یەکێک لە بەربەستە ئایینی و سیاسییەکانی بەردەم ئەم بانگەوازانەی لاواز کردووە. هێشتا ڕوون نییە موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری نوێی ئێران، هەمان ڕێبازی باوکی بەردەوام دەکات یان نا. 

سەرچاوەیەک لەناو سیستەمی ئێرانەوە بە ڕاپۆرتەکەی فاینەنشیاڵ تایمزی گوتووە پشتیوانیی لە بەدەستهێنانی چەکی ناوەکیی لەناو دامەزراوەکانی ڕژێمدا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە.

لە بەرانبەردا، هەندێک لە چالاکانی ڕەوتی ئیسڵاحخواز هۆشداریی دەدەنەوە کە گۆڕینی ئێران بۆ دەوڵەتێکی خاوەن چەکی ناوەکەی دەتوانێت مەترسییەکان زیاد بکات. بە بۆچوونی ئەوان، پاراستنی ئێران و کۆماری ئیسلامی دەبێت لە پێشینەدا بێت، نەک تەنیا سەرنج خستنە سەر پیتاندنی یۆرانیۆم و پاراستنی دەستکەوتە ناوکییەکان. 

هەندێک شیکەرەوەش پێیان وایە تاران دەتوانێت بەرنامە و ژێرخانی ناوەکیی خۆی وەک کارتی فشار لە دانوساندنەکاندا بەکاربهێنێت.

یەکێک لە گرنگترین خاڵەکانی ناکۆکیی نێودەوڵەتیی، چارەنووسی نزیکەی 440 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراو بە ڕێژەی 60%ـە. نیگەرانییەکانی واشنتۆن و وڵاتانی ڕۆژئاوا لەوەدایە کە ئەم بڕە، ئەگەر زیاتر پیتێنرێت، دەتوانێت ماددەی پێویست بۆ دروستکردنی چەکی ناوەکەی دابین بکات. باوەڕ وایە بەشێک لەو کۆگایە لە ژێر پاشماوەی دامەزراوە ناوەکییە ئامانجگیراوەکاندا مابێتەوە.

واشنتۆن داوای گواستنەوەی ئەو کۆگایەی کردووە بۆ دەرەوەی ئێران، لە کاتێکدا تاران ئامادەیی خۆی بۆ گفتوگۆ لەبارەی کەمکردنەوەی ئاستی پیتاندن، لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی فراوانتر کە هەڵوەشاندنەوەی سزا ئابوورییەکان و ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکانی ئێران بگرێتەوە، دەربڕیوە. بەڵام هەردوو لا هێشتا لەسەر مەرجەکان کۆک نین.

لە لایەکی دیکەوە، ئێران لە دوای شەڕی  حوزەیرانی 2025ەوە دەستگەیشتنی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوەکیی بە دامەزراوە ناویکییە سەرەکییەکانی سنووردار کردووە. هەروەک، کشانەوە لە پەیماننامەی قەدەغەی  بڵاوبوونەوەی چەکی ناوەکیە دەتوانێت ببێتە کارتی فشار لەسەر واشنتۆن، بەڵام بەرپرسانی باڵای ئێران دەڵێن ئەم هەنگاوە لە ئێستادا لە پێشینەدا نییە.

بەم شێوەیە، سەرەڕای زیادبوونی بانگەوازەکان بۆ بەدەستهێننای چەکی ناوەکی، بڕیاری تاران هێشتا نەبڕاوەتەوە؛ چونکە لە لایەکەوە هەوڵی بەهێزکردنی بەرپەرچدانەوە دەدات و لە لایەکی دیکەوە لەوە دەترسێت کە پەرەپێدانی چەکی ناوەکیی ببێتە هۆی هێرشێکی نوێ و فراوانتر.