شارپرێس:
بانکی ناوەندیی عێراق ئاماری فرۆشتنی چەند مانگی ڕابردوی دۆلاری ڕاگەیاند ، كە لەنۆ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا قەبارەی فرۆشتنی دۆلار بەبەهای فەرمی بەراورد بە ساڵی پێشتر زیاتر لە 35% کەمی کردوە.
بەگوێرەی ئاماری دارایی بانکی ناوەندی، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا کۆتایی مانگی ئەیلول، بڕی 39 ملیار و 292 ملیۆن دۆلار بە بازرگانان و گەشتیاران فرۆشراوە، لەو بڕە، 37 ملیار و 304 ملیۆن دۆلاری (کە دەکاتە 94.9%) بۆ هاوردەکردنی کاڵاو حەواڵەی دەرەکیی بازرگانان بوە، هاوکات بڕی 1 ملیار و 988 ملیۆن دۆلاریشی (بە رێژەی 5.1%) بەشێوەی کاش دراوەتە گەشتیاران.
ئەم ئاستەی فرۆش، بەراورد بە 9 مانگی یەکەمی ساڵی 2025 کە تێیدا 60 ملیار و 781 ملیۆن دۆلار فرۆشرابوو، بە رێژەی 35.5% دابەزیوە، لەماوەی ئەمساڵدا، بەرزترین ئاستی فرۆش لەمانگی حوزەیراندا بوە بەبڕی 5 ملیارو 857 ملیۆن دۆلار، لەبەرامبەردا لەمانگی ئادار بەهۆی گرژییە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران و داخستنی ئاسمانی عێراق، فرۆشی دۆلاری نەختینە بەگەشتیاران سفر بوە.
لەمانگی ئەیلولدا فرۆشی دۆلار 4 ملیارو 21 ملیۆن دۆلار بوە (3 ملیار و 772 ملیۆن بۆ بازرگانی و 249 ملیۆن بۆ گەشتیاران بەنرخی 131 هەزار و 132 هەزار دینار بۆ هەر 100 دۆلارێک)، پێش ئەوەی لەمانگی تشرینی یەکەم نرخی فەرمی بۆ 150 هەزار دینار دەستکاری بکرێت.
بانکی ناوەندی ئاماژە بەچەند نیشانەیەکی ئەرێنی دەکات لەمانگەکانی ئاب و ئەیلولدا:
یەدەگی دراوی بیانی لە مانگی ئابدا گەیشتوەتە 81.538 ملیار دۆلار، بە بەراورد بە 80.633 ملیار دۆلاری مانگی تەمموز، بەمەش 905 ملیۆن دۆلار زیادی کردوە کە یەکەم بەرزبونەوەی مانگانەیە لەدوای مانگی شوباتەوە.
یەدەگی زێڕ بە رێژەی 10% بەرزبوەتەوەو گەیشتوەتە 32.7 ترلیۆن دینار.
جیاوازیی مانگانەی نێوان فرۆش و کڕینی دۆلار لەوەزارەتی دارایی لە 5 ملیارەوە بۆ 150 ملیۆن دۆلار کەمبوەتەوە، دوای ئەوەی کڕینی دۆلار لە وەزارەت بۆ 3.9 ملیار بەرزبووەوە لە بەرامبەر فرۆشتنی 4.0 ملیار دۆلار.
سپاردە بانکییەکان گەشەیان بەخۆیانەوە بینیوە و گەیشتونەتە 103.1 ترلیۆن دینار (+2% لە مانگی ئاب)، نەختینەی زیادەی لای بانکەکانیش گەیشتووەتە 22.2 ترلیۆن دینار.
پارەدانی ئەلیکترۆنی لە مانگی ئەیلوولدا ژمارەی پێوانەیی تۆمارکردووە بە بەهای 4.56 ترلیۆن دینار لە رێگەی 19.2 ملیۆن پرۆسەوە، هەروەها خەرجیی جزدانی ئەلیکترۆنی لە دوو مانگدا 43% زیادی کردوە.
نەختینەی دەرەوەی بانکەکان بۆ 100.2 ترلیۆن دینار دابەزیوە.
لەبەرامبەر نیشانە ئەرێنییەکاندا، ژمارەکان چەندین گوشار و ئاڵنگاریی گەورە لەسەر دارایی گشتی دەردەخەن:
یەدەگی بیانی هەرچەندە لە مانگی ئابدا کەمێک بەرزبووەتەوە، بەڵام لە چاو کۆتایی ساڵی 2025 کە 97.432 ملیار دۆلار بوو، نزیکەی 15.9 ملیار دۆلار (بە رێژەی 16.3%) کەمی کردووە.
قەرزی گشتیی ناوخۆیی لە مانگی ئەیلوولدا بەرزبووەتەوە بۆ 117.2 ترلیۆن دینار (+10.5% لە سێ مانگدا)، شایستەکانی وەزارەتی دارایش لەلای بانکی ناوەندی گەیشتووەتە 80.5 ترلیۆن دینار و مانگانە بە خێرایی 4 ترلیۆن دینار زیاد دەکات.
قەرزی حکومەت لەبودجەی بانکی ناوەندیدا بوەتە 73%ی سەرمایە بیانییەکانی، لەکاتێکدا لەکۆتایی 2025دا تەنها 36% بوە.
خەرجییەکانی دەوڵەت تا مانگی تەمموز 68.3 ترلیۆن دینار بوە لەبەرامبەر داهاتی 39.1 ترلیۆن، داهاتەکان تەنها 57%ی خەرجییان داپۆشیوەو کورتهێنانی کەڵەکەبوو گەیشتوەتە 29.2 ترلیۆن دینار.
قەرزە دواکەوتوەکان بەرێژەی 5% زیادیان کردوە بۆ 5.9 ترلیۆن دینار، هەڵاوسانی مانگانەش بەهۆی بەرزبونەوەی نرخی خۆراک بەرێژەی 0.7% خێراتر بوە، هاوکات بازاڕی دارایی عێراق لەمانگی ئەیلولدا 7.7%ی بەهای خۆی لەدەستداوە.