شارپرێس:
فەرمانگەی میدیاو زانیاری ڕایگەیاند، شاندێكی باڵای حكومەتی هەرێم بۆ دواین گفتوگۆكان لەبارەی پڕۆژە بودجەی 2027وە سەردانی بەغدا دەكات.
فەرمانگەكە لەڕاگەیەندراوێكدا دەلێت، لەبەردەوامیی دانوستانەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، لەبارەی پابەندی و ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان لەبودجەی گشتیی فیدراڵیی عێراق بۆ ساڵی 2027، ئەمڕۆ هەینی (23ی تشرینی یەکەمی 2026)، شاندێکی باڵای دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات.
شاندەکە پێک هاتون لەسەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچون، بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، بەڕێوەبەرانی گشتیی بودجەو ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستان.
لەدرێژەی ڕاگەیەندراوەكەدا ئەوەش هاتوە، كە لەماوەی سەردانەکەدا، شاندی هەرێم بەهەماهەنگی لەگەڵ نوێنەرە کوردستانییەکان لەدەسەڵاتە فیدڕاڵییەکان، کۆبونەوەی فەرمی لەگەڵ وەزارەتی داراییی فیدراڵی ئەنجام دەدات، بەمەبەستی بەردەوامیدان بەگفتوگۆکان و گەیشتن بەتێگەیشتنێکی هاوبەش و دادپەروەرانە لەسەر پابەندییە دارایی و نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، هەروەها ماف و شایستە دارایییەکانی هەرێم لەبودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2027.
ئەمە لەكاتێكدایە، شاندی هەرێم لەماوەی مانگی ڕابردودا چەندینجار سەردانی بەغدایان كردوەو لەبارەی دیاركیردنی بەشەبودجەی كورد لەپڕۆژە بودجەی 2027وە چەندین كۆبونەوە ئەنجامدراوە.
