شارپرێس:
بەرپرسێكى ئەمنیی باڵای ئێرانی ئاشکرایکرد، تاران ژێرخانی زیرەکیی دەستکردی ناوچەکەی خستوهتە لیستی ئامانجە گریمانکراوەکان بۆ هێرشی تۆڵەسەندنەوە، ئەگەر ئەمریکا یان ئیسرائیل هێرشێکی بکەنەسەر.
بهگوێرهى ئەو زانیارییانەی ئەو بەرپرسە ئێرانییە بەتۆڕی CNNی داوە، بەئامانجگرتنی ژێرخانی زیرەکیی دەستکرد دەتوانێت کاریگەرییەکانی لەسنوری قەیرانی وزەو گەروی هورمز تێپەڕێنێتو ببێتە هۆی دروستبونی کاریگەرییەکی جیهانیی فراوان.
بەرپرسە ئێرانییەکە بەمەرجی بڵاونەکردنەوەی ناوەکەی قسەیکردوە، جەختیکردوهتەوە، ئەگەر شەڕ دوبارە دەستپێبکاتەوە، دەگۆڕێت بۆ "شەڕی سوپرایزەکان" کە ماوەیەکی درێژ دەخایەنێتو تاران شێوازێکی پێشبینینەکراو پەیڕەو دەکات.
لەلایەکی دیكهشهوه، دوو بەرپرسی ئەمریکی چەند ڕۆژێک لەمەوبەر بەو تۆڕهیان وتوه، "هێزە ئەمریکییەکان لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆیان بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی نوێ دژی ئێران ئامادە دەکەن".
باسیان لەوەشکردوە، ئەو ئۆپەراسیۆنانە ئەگەری هەیە فراوان بنو لەماوەی 96 کاتژمێردا لەدوای وەرگرتنی فەرمانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، دەستیان پێبکات.
بهگوێرهى وتەی ئەو دوو بەرپرسە، هێزە ئەمریکییەکان کە ئێستا لەناوچەکە جێگیرکراون، توانای ئەنجامدانی ئەو هێرشانەیان هەیە.
ئەوان ئاماژەیان بەوەشکردوە، چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە نوێکانی ئەمریکا ئەگەری هەیە لەهێرشە سنوردارو دوبارەبوەکان فراوانتربێتو تەنها لەبەئامانجگرتنی ڕادارەکان، سەکۆکانی هاویشتنی موشەکو ئامرازە سەربازییەکانی دیكهى ئێراندا کورتنەبێتەوە؛ ئەو ئامرازانەی کە بەخێرایی دەتوانرێت دوبارە بونیادبنرێن.
