سوپاسالاری ئێران: ئەمریکییەکان تا جەمسەری باشور پاشەکشە پێدەکەین

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 172 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

عەلی عەبدولڵاهی، سوپاسالاری ئێران، ڕایگەیاندووە کە وڵاتەکەی توانیویەتی لە بەرانبەر دوو زلهێزدا خۆڕاگر بێت و هەڕەشەی ئەوەشی کردووە کە ئەمریکییەکان ناچار بە پاشەکشە دەکەن، تەنانەت تا جەمسەری باکوور.

 
عەبدولڵاهی لە لێدوانێکدا کە میدیاکانی ئێران بڵاویان کردۆتەوە، گوتویەتی: "بە ئاشکرا و ئازایەتییەوە ڕایدەگەیەنین کە توانیومانە لە بەرانبەر دوو زلهێزی جیهاندا خۆڕاگر بین". هەروەک ئاماژەی بەوەش کردووە کە هێزە چەکدارەکانی ئێران ئۆپەراسیۆنی کاریگەریان دژی توانا دەریاییەکانی ئەمریکا ئەنجام داوە.

نابراو هەروەک گوتویەتی: "هێزە چەکدارەکان توانیویانە ئەمریکییەکان لە بواری دەریاییدا ناچار بە پاشەکشە بکەن و بەردەوام دەبین لەم ناوچەیەدا پاشەکشیان پێ بکەین، تەنانەت تا جەمسەری باشوور، ئەمریکییەکانیش دەبێت چاوەڕێی ئەم جووڵەیە بن".

سەبارەت بە جەنگەکەش، عەبدولڵاهی جەختی کردۆتەوە کە گەلی ئێران و جەنگاوەرانی کۆماری ئیسلامی بە خۆڕاگری و بەرخۆدان لە تاقیکردنەوەی قورس و دژواری جەنگدا سەرکەوتووانە تێپەڕیون و ئەم خۆڕاگرییە بنەمای سەرکەوتن بووە.

جەختیشی کردۆتەوە کە ئەم ڕێبازە تا پەشیمانبوونەوەی دوژمن لە کردارەکانی بەردەوام دەبێت و بەوتەی ئەو تۆڵەکردنەوەی خوێنی ڕێبەری کوژراو، شەهیدانی جەنگ و منداڵە کوژراوەکان، داواکارییەکە کە ئێران بەردەوام بۆ بەدیهێنانی هەوڵ دەدات.