شارپرێس:
جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، پرسیارێکی کۆنی پارێزەرانی ژینگەی زیندوەوە کردۆتەوە؛ ئەویش هۆکاری درووستکردنی سەدان پڕۆژەی ئاوە لەلایەن ئێرانەوە پێشتر پێویستییەکی ڕونیان پێوە دیار نەبوو، بەڵام ئێستا هەندێک شیکەرەوە پێیان وایە ئەم پڕۆژانە پەیوەندییان بەپێداویستییە سەربازییەکانی ئێرانەوە هەیە.
ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکردووە کە بڵاوبونەوەی فراوانی بەنداوەکانی ئێران و پڕۆژەکانی گواستنەوەی ئاو، لەوانە بۆڕی و تونێل، بۆ ماوەیەکی درێژ سەرنجی پارێزەرانی ژینگەی ڕاکێشاوە، بەتایبەتی لە ناوچەگەلێک کە پێویستییەکی ڕوونیان بەو پڕۆژانە نەبووە.
نیما شکری، پسپۆڕی ئاسایشی ئاو لە زانکۆی تەکنەلۆژیای هامبۆرگ لە ئەڵمانیا، لەگەڵ تیمەکەیدا بوونی لانیکەم 533 بەنداویان لە ئێراندا تۆمارکردووە؛ ئەمەش ئێران دەخاتە ڕیزی ئەو وڵاتانەی ناوچەکە کە ژمارەیەکی زۆر بەنداویان هەیە.
شکری دەڵێت لە ماوەی جەنگدا سەرنجی ئەوەی داوە کە شوێنەکانی بەئامانجگرتنی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، کە بە شێوەی نیوەبازنەیەک لە باکوورەوە بۆ باشوور درێژ دەبنەوە، تا ڕادەیەکی زۆر لەگەڵ نەخشەی شوێنی بەنداوەکاندا یەک دەگرنەوە.
حەوت پسپۆڕی بواری ئاو و کاروباری سەربازیی بە ڕۆژنامەکەیان گوتووە درووستکردنی دامەزراوە سەربازییە پێشکەوتووەکان لە نزیک سەرچاوە بەردەوامەکانی ئاو و وزە، کە بەنداوەکان دابیندەکەن، بۆ ئێران گرنگە؛ چونکە بەردەوامیی کارکردنی ئەو دامەزراوانە دەپارێزێت.
ئێران دامەزراوە ژێرزەمینییەکانی بە "شارە مووشەکییەکان" ناودەبات، ئەم شوێنانە بریتین لە تونێل و ژووری بەهێزپارێزراو کە لە قووڵایی شاخەکاندا هەڵکەندراون و بۆ هەڵگرتن، بەرهەمهێنان و هاویشتنی مووشەکە بالیستییەکان و فڕۆکە بێفڕۆکەوانە دوورمەوداکان بەکاردەهێنرێن.
فەرزین نادیمی، توێژەری باڵای پەیمانگای واشنتۆن و پسپۆڕی کاروباری سەربازیی ئێران، پێشبینی دەکات لانیکەم 30 پێگەی مووشەکی لە سەرانسەری ئێراندا هەبێت، هەروەک ئاماژەی بەوە داوە کە ژمارەیەکی زۆر کەم لە وڵاتان خاوەنی تۆڕێکی ئاوا ئاڵۆزی دامەزراوە سەربازییە ژێرزەمینییەکانن و کۆریای باکوور یەکێکە لەو وڵاتانە.
لە لایەکی دیکەوە، ڕاپۆرتەکە پەیوەندیی نێوان ئەم دامەزراوانە و دەستگیرکردنی ژمارەیەک چالاکوانی ژینگەپارێز لە ساڵی 2018یش دەخاتە ڕوو. هەندێک ژینگەپارێز گومانیان هەیە کە ئەو چالاکانە بەبێ ئەوەی بزانن، لە کاتی چاودێریکردنی ژیانی کێویی لە ناوچە پارێزراوەکاندا، بە ڕێکەوت تووشی شوێنی هەستیار و نهێنیی سەربازیی بووبن.
بەم شێوەیە، جەنگەکە لەوانەیە تیشک بخاتە سەر نهێنیی پڕۆژە ئاوەکانی ئێران و پەیوەندیی گریمانکراویان بە ژێرخانی سەربازیی و بەرگریی وڵاتەکەوە.