چین چەترێکی بەرگریی فرەچین بۆ پاراستنی سەرکردایەتیی و دامەزراوە ناوەکییەکانی دروستدەکات

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 150 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
چین بەخێرایی کار لەسەر پەرەپێدانی سیستەمێکی بەرگریی مووشەکیی سێ چینی دەکات، بە ئامانجی پاراستنی سەرکردایەتیی سیاسیی، دامەزراوە ناوەکییەکان و هێزە سەربازییە ستراتیژییەکانی لە هەر هێرشێکی گریمانکراوی ئەمریکا و هیندستاندا.

 
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە کێبڕکێی سەربازیی لە ناوچەی هەردوو ئۆقیانووسی هیندی و پاسفیک فراوانتر دەبێت.

بەگوێرەی راپۆرتە میدیاییە فەرمییەکانی چین، سیستەمە بەرگرییەکە لە 3 ئاستی سەرەکی پێکهاتووە و هەوڵدەدات هەڕەشە مووشەکییەکان لە قۆناغە جیاوازەکانی گەشتەکەیاندا ڕابگرێت.

چینی یەکەم مووشەکەکانی "HQ-29" کە توانای جووڵە و گواستنەوەیان هەیە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەڕەشە مووشەکییە دوورمەوداکان و مووشەکە بالیستییەکان بەکاردێن.

هەروەک چینی دووەم، سیستەمی "HQ-19" کە بەرگریی لە ئاستی کۆتایی گەشتە مووشەکییەکاندا ئەنجامدەدات و ئامانجی ڕاگرتنی مووشەکەکان پێش گەیشتنیان بە ئامانجەکانیانە.

چینی سێیەمیش کۆمەڵێک ڕادار و مانگی دەستکردی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، کە هەڕەشەکان دەستنیشاندەکەن و زانیارییەکان دەگەیەننە ناوەندەکانی بڕیاردان، بۆ ئەوەی کاتی وەڵامدانەوە کەم بکرێتەوە.

لە تاقیکردنەوەیەکی تازەدا، هێزەکانی چین توانیویانە بە بەکارهێنانی سیستەمی بەرگریی "HQ-9B"، لەگەڵ مووشەکەکانی "HQ-19" و "HQ-29"، دوو ئامانجی مووشەکی لە یەک کاتدا تێکبشکێنن. ئەم تاقیکردنەوەیە توانای سیستەمەکەی لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ مووشەکی گۆڕاوخێراوەکاندا پیشانداوە.
بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی ستراتیژیی، ئامانجی سەرەکیی ئەم سیستەمە تەنیا پاراستنی خاکی چین نییە، بەڵکو پاراستنیسەرکردایەتیی سیاسیی، دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بە توانای وەڵامدانەوەی ئەتۆمیی و ژێرخانی ستراتیژیی و سەربازیی وڵاتەکەیە.
چین هەوڵدەدات بەرگریی زەویی و دەریایی یەکبخات، بەتایبەتیی بۆ پاراستنی کەشتییە فڕۆکە هەڵگرەکان و هێزە دەریاییەکانی لە دوورەوەی کەنارەکانی.

ئەم پەرەپێدانە لە چوارچێوەی ئەو نیگەرانیانەدایە کە چین لە توانای هێرشە دوورمەودا و وردەکانی ئەمریکا و گەشەی توانای ئەتۆمیی دەریاییی هیندستانی هەیەتی. بەمەش، بەرگریی مووشەکیی بۆتە بەشێکی سەرەکیی لە ستراتیژیی چین بۆ پاراستنی دامەزراوە گرنگەکان و بەردەوامیی توانای سەربازیی و ئەتۆمیی وڵاتەکە.