شارپرێس:
ئەمڕۆ یەك شەممە ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی یەكینەكانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی كوردستان یەرەكە ئاشكرایكرد، سوپای ئێران خۆی بۆ ئۆپەراسیۆنێك لەسەردەشت ئامادە دەكات، دەشڵێت "لە درێژەی هێرشە تۆپخانەیی و درۆنییەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێراندا، بەیانیی ئەمڕۆ ڕژێم جارێكی دیكە بە بەكارهێنانی دوو درۆنی جۆری شاهد، درۆنێكی خۆكوژی بچووك و هەروەها هاوەنی ١٢٠ میلیمەتری، ناوچەی سەرچووری مەریوانی كردووەتە ئامانج."
یەرەكە لە ڕاگەیەندراوەكەدا دەڵێت "هێرشەكان لە بنكەی سەربازیی گوندی دەرێ و بنكەكانی دەوروبەرییەوە ئەنجام دراون، بەهۆیەوە ژینگە، جوگرافیا، سەرچاوە سروشتییەكان و ئاژەڵانی كێویی ناوچەكە زیانێكی سەختیان بەركەوتووە و كەوتوونەتە دۆخێكی نالەبارەوە، بەڵام هیچ زیانێكی گیانی و دارایی بەر هێزەكانیان نەكەوتووە".
هەروەها یەرەكە لەبارەی ڕەوشی سەردەشتەوە ئاشكرایدەكات، سوپای ئێران لە ناوچەی سەردەشت خۆی بۆ ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوانی سەربازی ئامادە دەكات و لەو چوارچێوەیەشدا ڕێگری لە هاتوچۆی هاووڵاتییانی ناوچەكە دەكات و ترس و دڵەڕاوكێی بڵاوكردووەتەوە.
دەشڵێت، هەر هێرشێك لەلایەن هێزەكانی ئێرانەوە بكرێتە سەریان، لە چوارچێوەی "بەرگریی ڕەوا"دا وەڵام دەدرێتەوە و هێزەكانیان بۆ هەموو ئەگەر و بارودۆخێك لە ئامادەباشیدان.
