وەزارەتی ناوخۆی عێراق: پلانی ئەمنیی و مەیدانیی گشتگیر بۆ بەرەنگاربونەوەی قاچاغچێتیی و پاراستنی سامانە نیشتمانییەکان دەستیپێکرد

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 215 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، پلانی ئەمنیی و مەیدانیی گشتگیری بۆ بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتیی و پاراستنی سامانە نیشتمانییەکان دەستپێکردووە، کە چڕکردنەوەی هەوڵەکانی هەواڵگریی و پێشوەختە، کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان و ڕێگاکانی دەرەوەی وڵات و بەدواداچوونی قاچاخچێتیی بەرهەمە نەوتییەکان و کەلوپەلە پاڵپشتیکراوەکان دەگرێتەوە.

میقداد میری، سەرۆکی دەستەی پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆ، لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی "سەباح"ی نیمچە فەرمیی، ئاماژەی بەوە کردووە کە بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتیی و پاراستنی سامانەکانی وڵات لە پێشینەی کاری وەزارەتەکەدایە، چونکە قاچاخچێتیی تەنیا پێشێلکردنی یاسا نییە، بەڵکو دەستدرێژییەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئابووریی نیشتمانی، پارەی گشتی و سەرچاوەکانی دەوڵەت.

میری ڕوونی کردۆتەوە، پلانەکە تەنیا لە دەستگیرکردنی ئەنجامدەرانی قاچاخدا کورت نابێتەوە، بەڵکو ئامانجی گەیشتنە بە سەرکردە و مێشکی پلاندانەری تۆڕەکانی قاچاخچێتیی و دیاریکردنی سەرچاوەکانی دارایی و ڕێڕەوەکانی کارکردنیان.

بەپێی قسەکانی، پلانی وەزارەت چڕکردنەوەی چاودێریی لە دەروازە سنوورییەکان، شوێنەکانی گواستنەوە و هەڵگرتنی کاڵاکان و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ بۆ دۆزینەوەی کەلوپەلە قاچاخبراوەکان دەگرێتەوە.

سەرۆکی دەستەی پەیوەندییەکان جەختی کردۆتەوە کە هەنگاوی کرداریی بۆ جێبەجێکردنی پلانەکە دراوە و ئەو کەسانەی بەشداریی قاچاخچێتیی دەکەن دەستگیر دەکرێن و ڕادەستی دادگا دەکرێن. هەروەک هۆشداریی داوە کە هیچ کەسێک لەسەرووی یاساوە نییە.