شارپرێس:
سەرباری ئەوەی ماوەی
دوو هەفتەیە "کۆمپانیای فۆکس"ی تایبەت بە پاڵاوتن و گواستنەوەی بەرهەمە نەوتییەکان لەشاری
سلێمانی دەستی بە بەرهەمێنانی بەنزینی موحەسەن کردوەو هەر لیترێک بە هەزار و 450 دینار بە بەنزینخانەکانی دەفرۆشرێت، بەڵام تاکو ئێستا نرخەکەی لەسەر
هاوڵاتییان هەرزان نەبوەو بە هەزار و 750 دینار بە هاوڵاتیان دەفرۆشرێتەوە.
ئەژی شەهاب، بەڕێوەبەری فرۆشتن لە کۆمپانیای فۆکس
لەلێدوانێکدا بە شارپرێسی راگەیاند،" پێشتر تەنها بەنزینی جۆری نۆرماڵی ئۆکتان 92.5مان بەرهەم دەهێنا، بەڵام ماوەی دوو هەفتەیە
دەستمان بە بەرهەمهێنانی بەنزینی موحەسەنی ئۆکتان 96.5 کردوەو خستومانەتە بازاڕەوە ".
ئەوەشیخستەڕوو،" ئێمە هەر لیترێک بەنزینی موحەسەن
بە هەزار و 450 دینار بە
بەنزینخانەکان دەفرۆشین، خاوەنی بەنزینخانەکانیش بەپێی ویژدان و ئارەزوی خۆیان بە
هاوڵاتییانی دەفرۆشنەوە ".
لەئێستا نرخی یەک لیتر بەنزینی موحەسەن لە بەنزینخانەکانی
سلێمانی بە هەزار و 750 بە هاوڵاتییان دەفرۆشرێت، بۆ زانینی هۆکاری دانەبەزاندنی نرخەکەی، شارپرێس پەیوەندی
بە بەهمەن قادر وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانییەوە کرد، بەڵام ناوبراو ئامادە
نەبوو قسە لەسەر ئەو بابەتە بکات.
کۆمپانیای فۆکس بەنزیکەی 30% پێداویستی بەنزین و سوتەمەنی بۆ هاوڵاتیانی سنوری پارێزگای
سلێمانی دابیندەکات، بڕەکەی دیکەش لە دەرەوە هاوردە دەکرێت، بەشێکی دیکەشی
لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دەنێردرێت.