"دەمەوێت لەژێر ئاڵای كوردستانی سەربەخۆ بمرم"
بارزانی: ریفراندۆم بۆ دروستكردنی دەوڵەتێكی سەربەخۆ ئەنجامدەدەین

کوردستان

16/06/2017‌ 3831 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەسعود بارزانی رایگەیاند دەیەوێت لەژێر ئاڵای كوردستانی سەربەخۆ "بمرێت"‌و جەختیشیكردەوە ریفراندۆم بۆ دروستكردنی دەوڵەتێكی سەربەخۆ ئەنجامدەدەن.

مەسعود بارزانی لەمیانی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ رۆژنامەی "فۆرین پولیسی" ئەمریكی، كە لە 12 ئەم مانگە ئەنجامدراوە، راشیگەیاند، كە سیستەمی فیدراڵی كێشەكانی عێراق چارەسەرناكات، بۆیە ئێمە بیر لەوە دەكەینەوە سەربەخۆیی رابگەیەنین.

مەسعود بارزانی ئەوەشی راگەیاندووە، ئەوان ماوەیەكی زۆرە گەیشتوون بەو ئەنجامە، بۆیە دەیانەوێت لەمساڵدا پرۆسەی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان بەرێوەبەرن، بۆ ئەوەش بۆچوونی گەلی كورد گرنگە بۆیان.

ناوبراو باشی لەپەیوەندییەكانی هەرێم‌و عێراق كردووەو ئەوەی دووپاتكردووەتەوە، كە بەغدا نایەوێت هاوبەشێكی راستەقینەی هەرێمی كوردستان بێت، بۆیە ئەوانیش ناچارن پەنا بۆ رێگەیەكی تر ببەن، ئەویش جیابوونەوەیە.
 
بارزانی هەروەها رایگەیاندووە، راپرسی هەنگاوی یەكەمە بۆ سەربەخۆیی‌و دوای ئەوە دەست بەگفتوگۆی درێژخایەن دەكەین لەگەڵ لایەنی عێراق، لەگەڵ ئەوەش گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریكا دەكەین، كە بەرپرسیارییەتی عێراقی لەسەر شانەو لەگەڵ توركیای هاوبەشی ئابووری هەرێمیش گفتوگۆ بۆ هەمان مەبەست دەكەین.

لەبارەی ئەوەی، كە ئایا ئەگەر وڵاتانی ناوچەكەو دراوسێكانی هەرێم كاردانەوەیان هەبوو هەڵوێستی گەلی كورد چی دەبێت، بارزانی جەختی كردووەتەوە، كە هەموو گەلی كورد "لەپێناوی سەربەخۆیی ئامادەبە بمرێت".

بارزانی جەختی لەوەش كردووەتەوە، گەلی كورد بەهەموو جیهانی نیشانداوە، كە ئەوان خەڵكێك دەیانەوێت بەئازادی بژین‌و بەئازادیش بمرن، بۆ ئەوەش قوربانی زۆریانداوە.

ئەمە لەكاتێكدایە مەسعود بارزانی‌و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان رۆژی 7 ئەم مانگە كۆبوونەوەو بڕیاریاندا رۆژی 25/9/2017 پرۆسەی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی بەرێوەبەرن، كە ئەمە كاردانەوەی ناوخۆیی‌و ناوچەیی‌و نێودەوڵەتیشی بەدواوە هات.

هـ ـ ح