شارپرێس:
برێت مەكگۆرك نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا لەهاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش رایگەیاند وڵاتەكەی "بەتوندی دژی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستانە".
برێت مەكگۆرك لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی راشیگەیاند، كە ئەمریكا نەك لەگەڵ كاتی ئەنجامدانی ریفراندمی هەرێم نییە، بەڵكو دژی خودی پرۆسەی ریفراندۆمە، كە لە 25/9/2017 دیاریكراوە".
ئەم قسانەی نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا لەكاتێكدایە، مەسعود بارزانیو بەشێك لەلایەنە سیاسییەكانی هەرێم رۆژی ئەنجامدانی ریفراندۆمیان دیاریكردووەو سووریشن لەسەر ئەنجامدانی.
نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا جەختیشیكردەوە، كە وڵاتەكەی لەگەڵ یەكپارچەیی خاكی عێراقەو دەبێت، هەولێرو بەغدا كار بكەنو بەگفتوگۆ كێشەكانی نێوانیان چارەسەربكەن.
پێش ئەم لێدوانەی مەكگۆرك، رێكس تێلەرسۆنی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەپەیوەندییەكی تەلەفۆنی "دژایەتی وڵاتەكەی بۆ راپرسی هەرێم دووپاتكردووەتەوە"، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوێكی كونسوڵخانەی ئەمریكا لەهەولێر.
هـ ـ ح