سەعدی پیرە: گفتوگۆكان بۆ دروستكردنەوەی متمانەی نێوان هەولێرو بەغدایە

عیراق

17/08/2017‌ 758 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی شاندی سیاسی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا رایگەیاند، گفتوگۆكانیان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق بۆ دروستكردنەوەی متمانەیە لەنێوان هەولێرو بەغدا.

سەعدی ئەحمەد پیرە ئەمڕۆ پێنج شەممە لەمیانی لێدوانێكی رۆژنامەوانی لەشاری بەغدا راشیگەیاند، هیچ متمانەیەك لەنێوان بەرپرسانی عێراق‌و هەرێم نەماوە، بۆیە "ئێمە دەمانەوێت ئەو متمانەیە دروستبكەینەوە".

قسەكانی ئەو بەرپرسەی هەرێم لەكاتێكدایە، سێ‌ رۆژە شاندێكی هەرێمی كوردستان لەشاری بەغدان، ئەوەش بۆ تاوتوێكردنی پرسی كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغدا، لەگەڵ پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆم لەمانگی نۆی داهاتوو.

سەعدی ئەحمەد پیرە ئەوەشی راگەیاند، گفتوگۆكان بۆ چارەسەری كێشەكان باش چووەتە پێشەوەو لێكتێگەیشتن لەنێوان هەردوولا هەیەو بەردەوامیشی دەبێت.

چەند ساڵێكە كێشە لەنێوان هەولێرو بەغدا هەیە، بەتایبەتی لەسەر پرسی بودجەو هەناردەی نەوت، كە ئەو كێشانە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا رۆژ بەرۆژ بەرەو خراپتر دەبات.
 
هـ ـ ح