توركیا داوادەكاتەوە هەرێم لەبڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم پاشگەزبێتەوە

کوردستان

17/08/2017‌ 603 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئیبراهیم كاڵن وتەبێژی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا داوای لەبەرپرسانی هەرێمی كوردستان كردەوە، كە لەبڕیاری ئەنجامدانی راپرسی پاشگەزببنەوە.

ئیبراهیم كاڵن ئەمڕۆ پێنج شەممە لەمیانی لێدوانێكی رۆژنامەوانی داوای كردەوە بەرپرسانی هەرێم لەبڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم پاشگەزببنەوە، كە پێشتریش لەلێدوانێك لەمانگی رابردوو هەمان داوای ئاراستەی هەولێر كردبوو.

وتەبێژی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا رایگەیاند "بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم بڕیارێكی ژیرانە نییە، چونكە ئەنجامدانی دەبێتە هۆی دروستبوونی كێشە لەهەرێمی كوردستان‌و عێراق‌و ناوچەكەش".

ئیبراهیم كاڵن راشیگەیاند، ئەو بڕیارە هیچ لەكێشەكانی هەرێم چارەسەرناكات، بۆیە دەرفەت لەبەردەم بەرپرسانی هەولێرە لەبڕیارەكە پاشگەزببنەوە، كە "ئێمە دژی پرۆسەكەین".

ئەمە لەكاتێكدایە مەسعود بارزانی‌و بەشێك لەلایەنە سیاسییەكان هەرێمی كوردستان رۆژی 25/9/2017یان دیاریكرد بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم، كە ئەمە كاردانەوەی توركیاو چەند وڵاتێكی تری بەدواوە هات.

كاڵن ئەوەشی راگەیاندووە، بەرپرسانی هەرێم بۆ چارەسەری كێشەكانیان دەبێت گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بكەن‌و بۆ ئەوەش چ هاوكارییەك پێویست بێت، توركیا پێشكەشی هەردوولای دەكات.

هـ ـ ح