سەنگاوی: رفێنەرەكان داوای ئۆتۆمبیلەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتییان كردەوە

کوردستان

20/08/2017‌ 2225 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
فەرهاد سەنگاوی، پەرلەمانتاری كوردستان، كە ئەمڕۆ یەك شەممە بۆ ماوەی چەند سەعاتێك وەك خۆی دەڵێت "رفێنرا" ئاشكرایكرد "رفێنەرەكان داوای ئۆتۆمبیلەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستانیان لێكردمەوە".

فەرهاد سەنگاوی، دوای "رفاندنی" ئەمڕۆ لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی وردەكاری چۆنییەتی ریفاندنەكەی گێڕایەوەو رایگەیاند "لەماڵی براگەورەكەم بووم لەسلێمانی لەكانی با، چەند چەكدارێك هاتوونەتە سەر ماڵی براكەم‌و لەحەوشەكە رفاندمیان".

سەنگاوی راشیگەیاند "دوای ئەوەی خستمیانە ناو ئۆتۆمبیلێك، بۆ ماوەیەك لەچەند ناوچەیەكی سلێمانی سووڕانەوەو دواتر لەنێوان خۆیان چەند قسەیەكیان كردو وتیان با بیبەین بۆ سەڵاحەدین، بەبێ‌ ئەوەی بزانم مەبەستیان چی بووە لەبەكارهێنانی ئەو ناوە".

هەروەها رایگەیاند "پاش ماوەیەك داوایان لێكردم، كە ئۆتۆمبیلەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیان بۆ بگێڕمەوە"، بۆ ئەوەش 24 سەعاتیان بۆ دانان، بەڵام "من وتم، ئەو ئۆتۆمبیلە وەرگەڕاوەو نەماوە، ئەوانیش وتیان لەجیاتی ئەوە شتێكی ترمان بۆ بێنەوە، مینش وتم بەسەرچاو، بەڵام نەدەبوو، لەسەر ئۆتۆمبیل وابكەن لەمن".

فەرهاد سەنگاوی ماوەی رابردوو تووشی رووداوێكی هاتووچۆ بوو، كە بەهۆیەوە ئۆتۆمبیلەكەی تێكشكاو خۆشی برینداربوو، هەروەها ماوەیەكیشە پەیوەندی كردووە "بەجوڵانەوەی نەخێر لەئێستادا"، كە دژی ریفراندۆمی هەرێم لەمانگی نۆی داهاتوو راگەیەنراوە.

لەدوای ئەوەی پەیوەندی بەو جوڵانەوەیەش كرد، مەكتەبی سیاسی یەكێتی بەفەرمی فەرهاد سەنگاوی لەحیزبەكەی دەكرد، كە لەپشكی یەكێتی پەرلەمانتاری كوردستانەو داواشیان لێكرد، ئەو ماڵ‌و موڵكانەی لەسەر یەكێتی وەریگرتووە لێی وەردەگرنەوە.

هەر لەكۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا شێركۆ حەمەئەمین، بەرپرسی نووسینگەی سلێمانی پەرلەمانی كوردستان، بەناوی پەرلەمانی كوردستانەوە ئیدانەی "رفاندنی" ئەو پەرلەمانتارەی كردو رایگەیاند "ئەو كردەوە قابیلی قبووڵ نییە".

هـ ـ ح