ئێران ڕاپرسی هەرێم بەسەرەتای دابەشبوونی عێراق دەزانێت

عیراق

07/09/2017‌ 555 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عەلی ئەكبەر ویلایەتی، ڕاوێژكاری نێونەتەوەیی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئێران، رایگەیاند وڵاتەكەی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان بەسەرەتای دابەشبوونی عێراق دەزانێت، بۆیە دژی دەوەستێتەوە.

عەلی ئەكبەر ویلایەتی، لەمیانی لێدوانێكی سەبارەت بەڕاپرسییەكەی هەرێمی كوردستان رایگەیاند ئێمە پشتیوانی لەسەروەری خاكی عێراق‌و هەموو وڵاتانی ناوچەكە دەكەین‌و ریفراندۆمی هەرێمی كوردستانیش لەدژی یەكپارچەیی خاكی عێراقە".

ڕاوێژكاری نێونەتەوەیی ڕێبەری باڵای ئێران، راشیگەیاند "ئێران پەیوەندی ستراتیژی لەگەڵ عێراق هەیە، ئێران لەم ڕیفراندۆمە ڕازی نییە، چونكە ئەم ڕاپرسییەی هەرێم لەدژی یەكپارچەیی‌و سەروەری خاكی عێراقە‌و خودی دەوڵەتی عێراقیش دژی ئەم ڕیفراندۆمەیە".

قسەكانی ویلایەتی لەلێدوانێكی بووە بۆ ئاژانسی مێهرو جەختیشیكردووەتەوە "ئەم كارە گومانی تێدا نییە، كە یەكپارچەیی خاكی عێراق دەخاتە مەترسییەوەو سەرەتایەكە بۆ دابەش بوونی ناوچەكە".

ناوبراو هەروەها ئاماژەی بەشكستەكانی ئەمریكا لەناوچەكە كردووەو ئەوەی راگەیاندووە "ئەمریكا بەردەوام لەناوچەكە خەریكی شكست خواردنەو دۆمینۆی سەركەوتنی بەرەی خۆڕاگری ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر دەبێت و ئەمەش وەهای كردووە، كە ئەوان دوژمنكاری زیاتر بكەن".

قسەكانی ئەو بەرپرسە باڵایەتی ئێران لەكاتێكدایە، رۆژی 25/9/2017 دیاریكراوە بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێی كوردستان‌و ئێران بەفەرمی دژایەتی خۆی بۆ ئەو پرۆسەیە چەند جارێك دووبارە كردووەتەوە.

هـ ـ ح