پارتی بێ‌ ئاگایی خۆی لە هەڵواسینی وێنەكانی تاڵەبانی لە سلێمانی راگەیاند

کوردستان

09/09/2017‌ 538 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لە سلێمانی رایگەیاند هەڵواسینی پۆستەرەكانی تایبەت بە بانگەشەی ریفراندۆم لە شاری سلێمانی كاری ئەوان نەبووە.

لە راگەیەندراوێكدا عەتا شێخ حەسەن و وتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە رایگەیاندووە ”بەهیچ جۆرێك لەدانان و لێكردنەوەی ئەو پۆستەرانە ئاگادار نین و لە دوور و نزیك پەیوەندی بە ئەوانەوە نییە.“

ئەمە لە كاتێكدایە رۆژی هەینی 8ی ئەیلول ژمارەیەك پۆستەر كە وێنەی جەلال تالەبانی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتیمانی و مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتیان لەسەر بوو لە شاری سلێمانی هەڵواسران.

بڵاوبوونەوەی پۆستەرەكان كە تێیدا بەراوردی نێوان كەسی یەكەمی پارتی و یەكێتی بە هەریەكە لە نوری مالێكی سەرۆك وەزيرانی پێشووی عێراق و حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی ئێستای كردبوو، كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا.

لە رونكردنەوەكەی وتەبێژی پارتی لە سلێمانی هاتووە" ئەوان بەهیچ جۆرێك ئەو پۆستەرانەیان دانەناوە كە لە شاری سلێمانی بۆ چەند كاتژمێرێك هەڵواسران و دواتر لێكرانەوە."

ماوەی چەند رۆژێكە بە فەرمی بانگەشەی ئەنجامدانی ریفراندۆم لە شارەكانی هەرێم دەستی پێكردووە و دوێنی هەینی-ش چەند پۆستەرێك لە ناو شاری سلێمانی هەڵواسران بەڵام دواتر لێكرانەوە.

ر.ا

بەپەلە